ماجد شنگالی: عەلاوی كۆپییەكی نوێكراوەی عەبدولمەهدییە

:: PM:10:21:01/02/2020 ‌

دوای راگەیاندنی راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، پەرلەمانتارانی كورد بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێكیان پێیان وایە عەلاوی و عەبدولمەهدی جیاوازییەكی ئوتۆیان نییە، ئەوانیتر دەڵێن كە عەلاوی جیاوازە دەتوانێت گۆڕانكاری بكات.
عەلاوی داوای كردووە هیچ وەزیرێكی سەپێنراو قبووڵ ناكات
ماجد شنگالی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا گوتی، محەمەد تۆفیق عەلاوی كۆپییەكی نوێكراوەی عادل عەبدولمەهدییە و دوای رێككەوتنی "ئاسیروون" و "فەتح"، بە هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی هاتووە روونی كردەوەن ئەو كەسایەتییەكی تیۆرییە و قورسایی پەرلەمانی نییە و هێز و بوێری پێویستی بۆ سەركردایەتیكردنی عێراق نییە. 

لەوكاتەی جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، عادل عەبدولمەهدی و محەمەد عەلاوی دوو كەسایەتی جیاوازن و خاڵی جیاوازیان زۆرە، عەبدولمەهدی بە لاوازی هات و هیچ پشتگیرییەكی نەبوو لە پەرلەمان، خاڵێكی لاوازی عەبدلومەهدی ئەوە بوو كە چەند وەزیرێكی گەندەڵی لا بوو و دەسەڵاتی بەسەریاندا نەبوو، كەچی عەلاوی داوای كردووە هیچ وەزیرێكی سەپێنراو قبووڵ ناكات، هەروەها عەبدولمەهدی بازرگان بوو و بەشێك بوو لە هاوكێشەی ئێران و ناوچەكە، ئەوەیش خاڵێكی تری لاوازی بوو.

زیاتر گوتی، عەلاوی كەسایەتییەكی سیاسی و توندە و چەندینجار بووەتە پەرلەمانتار و وەزیر و لە بنەماڵەیەكی دیارە و كەسایەتییەكی سیاسییە كە پێشتر بەهۆكاری سیاسی وڵاتی جێهێشتووە و عێراق دەیەوێ كەسێك بێت بتوانێ گۆڕانكاری بكات، خۆشی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەخت بكرێت، بەڵام بەو یاسایە نا كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردوویەتی، بەڵكو بەشێوەی گۆڕانكاری.

كۆچەر دووپاتی كردەوە، پرسەكە بابەتێكی شیعییە و كورد بەرپرسی خۆی هەیە و بابەتەكە پێوەست بە ناوماڵی شیعەیە و كەس ناتوانێت قسە لە بوون بە سەرۆك وەزیران بكات، چونكە خۆپیشاندەر دیاری كردووە، كوردیش گرفتی نییە لەگەڵی.

لای خۆیەوە شیروان میرزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە نازانرێت كارنامەی عەلاوی چی دەبێت بۆ حكوومەت و تا چەند حزبە سیاسییەكان لە چارەسەركردنی كێشەكان و گۆڕانكاری پشتگیری دەكەن.

زیاتر گوتی، محەمەد تۆفیق عەلاوی هەندێك قسەی بۆ خۆپێشاندەران كردووە و بەرنامەی هەیە لە دابینكردنی هەلی كار و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، هەروەها ئازادكردنی تەواوی خۆپێشاندەران كە لە ڕابردوودا گیراون، بەڵام دواجار دەكەوێتە سەر ئەوەی تا چەند دەتوانێت ئەوە بكات و هاوكاری بكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل