بەرهەم ساڵح كوڕەكانی دوو بەرپرسی یەكێتی نزیك لەخۆی لە نووسینگەكەی دامەزراندووە

:: PM:11:11:08/02/2020 ‌

چەند كادرێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایان كرد كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كوڕەكانی دوو سەركردەی نزیك لەخۆی لە نووسینگەی خۆی دامەزراندووە لەوكاتەی دیان رۆڵەی دڵسۆزی ئەو حزبە هەن، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماریش هەواڵەكە پشترات دەكاتەوە.
باڵباڵێن لەناو یەكێتی زیاتر دەچەسپێت
ئەمڕۆ شەموو چەند كادیرێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"یان راگەیاند كە بەرهەم ساڵح دوو كوڕی هەریەك لە عیماد ئەحمەد و مەحموود سەنگاوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نزیك لەخۆی، بۆ بەڕێوەبردنی نووسینگەكەی لە سلێمانی داناوە، لەوكاتەی كەسانێكی ماندووی ئەو حزبە ویستوویانە لەو نووسینگە دەوام بكەن و رێگەیان پێ نەدراوە.

حەسەن جیهاد گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند و دووپاتی لە دامەزراندنی كوڕەكانی ئەو دوو بەرپرسەی یەكێتی كردەوە، بەڵام روونی كردەوە كە ئەوان لە نووسینگەی سەرۆك كۆمار لە بەغدا دامەزراون نەوەك لە سلێمانی.

لای خۆیانەوە هەریەك لە مستەفا چاوڕەش و رەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەوەڵامی بەدواداچوونی "وشە" بێئاگایی خۆیان لەو پرسە دەربڕی و ئامادە نەبوون زانیاری و قسەی زیاتری لەبارەوە بكەن.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل