چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان ئاشكرا كرا

:: PM:01:36:09/02/2020 ‌
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكان ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی شوبات، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە گفتوگۆی لەگەڵ وەزیری شارەوانی لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای تاپۆكردنی خانووە بێ‌ تاپۆكان گوتی، خانووی زێدەڕۆ ماوەی چەندان ساڵە بەرۆكی ئەو وڵاتەی گرتووە و دەبێ چارەسەر بكرێت.

وەزیری ناوخۆ ڕوونی كردەوە، پێشتر یاسای ژمارە سێی ساڵی 2018 ـی پەرلەمان هەبوو، لەدوای ئەویش ڕێنوێنیی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەرچووە، بەڵام بەشێوەی پێویست جێبەجێ‌ نەكراوە.

ئەگەر پێویست بكات پێداچوونەوە بە ڕێنوێنییەكان بكرێت
ئاشكرای كرد، پێویستە بە هاوبەشی ئەو یاسایە جێبەجێ‌ بكرێت و هاوئاهەنگیی پێویست لە نێوان دامەزراوەكانی وەزارەت و دامەزراوە جیاجیاكان بكرێت، ئەگەر پێویست بكات پێداچوونەوە بە ڕێنوێنییەكان بكرێت.

ڕوونی كردەوە، بۆ باشتر بەڕێوەچوونی دروستكردنی یەكەیەكی جێبەجێكار لە نێوان وەزارەتەكان كە پێوەندیدارن بەو پرسە، ئەگەر پێویست بوو دروست بكرێت، تا هەموو یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

دوای چەند تێبینییەك لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و جێكردنەوەیان لەلایەن پەرلەمانەوە، یاساكە و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان، ئێستە یاسای تاپۆكردنی خانووە بێ‌ تاپۆكان لە جێبەجێكردندایە.



وشە - رامیار جەواد