چیرۆكی خۆشەویستی لە سەردەمی كۆرۆنا

:: PM:07:47:16/02/2020 ‌
لە هەفتەی یەكەمی ئەم مانگە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رووسیا سەرجەم گەشتی هاووڵاتییانی خۆی بۆ چین هەڵپەسارد. لەو رۆژەدا بڕیار بوو لە هەرێمی سیبیریای باكوری رووسیا، فڕۆكەیەك 140 گەشتیار بەرەو شاری ووهان ببات، بەڵام هەڵپەساردنی گەشتەكە چیرۆكێكی خۆشەویستی لێكەوتەوە لە نێوان ئینا سافینتسفا و دانییل بارفینوفیتچ كە دوو گەنجی رووسن و چیرۆكەكەش لە خانەی چاودێری تەندروستی سیبیریا لە دایك بوو.

چیرۆكی خۆشەویستییەكە لەو فیلمانە دەچێت كە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم پێشتر چەندان چیرۆكی وەهایان كردووە بە فیلم. سافینتسیفا و بارفینوفیچ كە هەردووكیان تەمەنیان لە 18 ساڵی دایە، لە كاتی چاوەڕوانیان بۆ فڕۆكەیەكی سوپای رووسیا لە فڕۆكەخانەی شاری ووهانی چینی، ئەو شارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تێیدا سەری هەڵدا و بە دنیادا بڵاوبووەوە. 

سافینتسیفا، كچە رووسەكە وەك رۆژنامەنووسێكی هونەری لە چین كار دەكات، هەروەها بارفینوفیچ، گەنجە رووسەكەش لە هەمان شار دەخوێنێ. مانەوەیان لە هۆڵی چاوەڕوان، دەرگای بە رووی گفتوگۆی نێوان هەردووكیان كردەوە و میوزیك و تەكنەلۆجیا و كیمیا، ئەو سێ تەوەرە هاوبەشەی نێوانیان بوو كە هەردووكیان ئارەزووییان بۆی هەبوو. 

دیار نییە بڕیاری سافینتسیفا چیە، ئایا لەگەڵ خۆشەویستە نوێیەكەی لە تیومین دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە كیروف


بارفینوفیچ دەڵێ، لە بارەی میوزیكەوە قسەی لەگەڵ سافینتسیفا كردووە، قسەمان لەسەر پلانێكی جوان بۆ ژیان كرد، لە كاتی گفتوگۆدا تروسكای خۆشەویستی بە چاوی هەردووكمان دەركەوت، لەو ساتەدا لێدانی دڵی هەردووكمان خێراتر دەبوون.

پزیشكانی خانەی پزیشكی هیچ كات رێگریان لە بەیەك گەیشتنی ئەو دوو تازە خۆشەویستە نەكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی سافینتسیفا نەخۆشییەكی تری هەبووە، لە دوا رۆژەكانی مانەوەیان لە شاری ووهان، رێگەیان بە بارفینوفیتش نەدا خۆشەویستە تازەكەی ببینێت. 

بەپێی دەرئەنجامی پشكنینە پزیشكییەكان، سافینتسیفا، باری تەندروستی مەترسی لەسەر نییە و هیچ ئازارێكی ڤایرۆسی كۆرۆناشی بەسەرەوە نییە، چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا لە ژێر چاودێری چڕی تەندروستی دەربازیان ببێت.

هەردوو خۆشەویستە رووسەكە كە ئێستە لە شاری (تیومین)ـی چینن، بڕیاریانداوە دوای دەرچوونیان لە ژێر چاودێری پزیشكی، هەر لەو شارە بمێننەوە. بارفینوفیچ، پلانی ئەوەی داناوە لەگەڵ خۆشەویستەكەی بە تەواوی شارەكەدا بگەڕێن، بەڵام ئەوەی رەنگە لە داهاتوودا ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەو دوو خۆشەویستەی سەردەمی كۆرۆنا، چارەنووسی سافینتسیفایە.

سافینتسیفا كە بە رەچەڵەك خەڵكی ناوچەی كیروفە و دەكەوێتە ناوەڕاستی رووسیا، هەروەها بارفینوفیچ خەڵكی شاری كراسنویارسكی سیبیرییە، دیار نییە بڕیاری سافینتسیفا چیە، ئایا لەگەڵ خۆشەویستە نوێیەكەی لە تیومین دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە كیروف و كۆتایی بەو خۆشەویستییە كورتەی سەردەمی كۆرۆنا دەهێنێت. 


وشە - فه‌رمان سادق