"سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ میونشن كاردانەوەی دەبێ‌"

:: PM:08:02:17/02/2020 ‌
سەرۆكی‌ دەزگای‌ نێودەوڵەتی‌ "شەمس" بۆ ڕاگەیاندن، ئاماژە بە گرنگی‌ بەشداری‌ مەسروور بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە كۆنفرانسی‌ ئاسایشی‌ دنیا لە میونشن دەدات.

لە داهاتوو كەسایەتی‌ گەورە سەردانی‌ كوردستان دەكەن
ئەمڕۆ دووشەم 17ی‌ شوبات، د.سوبحی‌ عه‌عزه‌مى سەرۆكی‌ دەزگای‌ نێودەوڵەتی‌ "شەمس" بۆ ڕاگەیاندن بە "وشە"ی‌ ڕاگەیاند، "بە سەردانەكەی‌ مەسروور بارزانی‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێگەی‌ كورد بووە جێی متمانە و بایەخی زیاتری‌ وڵاتان، پێشبینی‌ كاردانەوەی‌ گەورە دەكەم بەرانبەر سەردانەكەی‌ بۆ ئەڵمانیا و لە داهاتوو كەسایەتی‌ گەورە سەردانی‌ كوردستان دەكەن".

زیاتر گوتی‌، ئەوەی‌ سەرنجی‌ میدیا عێراقییەكانی‌ ڕاكێشاوە ئەوەیە مەسروور بارزانی‌ بەبێ گوێدانە جیاوازی‌ حزبی‌ و كەسی‌ ئەو كەسانەی‌ پێویست بووە بردوویەتی‌ لەگەڵ خۆی‌ و بەهێزەوە لەوێ‌ دەركەوت لەكاتێكدا شاندی  حكوومەتی‌ عێراقی‌ زۆر لاواز و بە كەمترین دیدار گەڕانەوە.

ڕوونی‌ كردەوە، ئەم كۆبوونەویە ئەوەی‌ دەرخست پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی‌ مەسروور بارزانی‌ و دنیای‌ دیپلۆماسی‌ دەرەوە زۆر لە ئاستێكی‌ گەروەدایە و پێوەندییەكی‌ دۆستانەی‌ بەهێزی‌ هەیە.

لە ڕۆژی‌ هەینی‌ ڕابردووەوە 17ی‌ شوبات، مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان بەشداری‌ لە كۆنفرانسی‌ ئاسایشی‌ دنیا لە میونشن كرد و لەماوەی‌ دوو ڕۆژدا بە دەیان دیدار و كۆبوونەوەی‌ لەگەڵ بەرپرسانی‌ باڵای‌ وڵاتان ئەنجام داوە.


وشە - محەمەد میران