بەغدا.. زنجیرەیەك تەقینەوە 15 برینداری لێ دەكەوێتەوە

:: PM:10:11:22/02/2020 ‌
 
هاوكات لەگەڵ بوونی تەنگژەیەكی قووڵی سیاسی بەهۆی ناكۆكی لەسەر كابینەی نوێی حكوومەت و بەردەوامیی خۆپێشاندانەكان لە چەند گۆڕەپانێكی بەغدای پایەتەخت و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە تەناهییەكان لەوانە لە گۆڕەپانی خلانی، دۆخی تەناهی پایەتەخت دەشێوێت و بەهۆی زنجیرەیەك تەقینەوە ژمارەیەك برینداری لێ دەكەوێتەوە.
دۆخی بەغدای پایەتەخت زیاتر دەشێوێت
بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو حەوت بۆمبی چێندراو دوای یەك لە ناوچەكانی مەعالف و شەعب و حەبیبییە و شوعلە و ئەبودشیر و مەشتەل و زەعفەرانییە تەقینەوە و بەو هۆیەوە وەك ئاماری سەرەتایی 15 كەس بریندار بوونە. 

ئەمڕۆ سەرچاوە تەناهییەكان رایان گەیاند كە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە ناوچەی ئەبودشیر سێ كەس بریندار بوون، بۆمبێكی تر لە ناوچەی مەشتەل تەقییەوە و كەسێك بریندار بوو و لە ناوچەی زەعفەرانیەیش بۆمبێكی تر تەقییەوە و دوو كەس بریندار بوون، لە رۆژهەڵاتی بەغدایش بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو چوار هاووڵاتی بریندار بوون و لە باشووری بەغدایش سێ هاووڵاتی تر و لە باكوری بەغدایش بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك دوو ژن بریندار بوون.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل