ئەمڕۆ عەلاوی ناوی وەزیرەكانی ئاشكرا دەكات

:: PM:04:09:23/02/2020 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردراوی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ هێزە سیاسییەكان ناوی وەزیرانی كابینەكەی بخاتە روو.
شیعە سوورن لەسەر تێپەڕاندنی حكوومەتی عەلاوی
فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی عەلاوی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕێوە دەچێت بۆ پێشكەیشكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵیان لەبارەی پێكهاتنی حكوومەتەكەی، دوای ئەوەیش ناوەكان بۆ پەرلەمانتارانی و بۆ راگەیاندن دەخرێنە روو.

زیاتر گوتی، تا ئەوساتەیش سوننە و كورد خۆیان لە متمانەدان بە حكوومەتی عەلاوی بەدوور دەگرن، ئەگەرچی عەلاوی هەموو هێزە سیاسییەكانی بانگهێشتنی كۆبوونەوەكە كردووە، لەوكاتەی بڕیار بوو دوێنێ ئەو كۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری "سائیروون"، گوتی، تا ئێستە عەلاوی ناوی ئەندامانی كابینە و بەرنامەی حكوومەتەكەی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، كەچی بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە ناوەكان 48 سەعات پێش دانیشتنەكە بگاتە پەرلەمان، بۆیە راستە میكانیزمی سازكردنی دانیشتنەكە هەیە بەوەی داوا كراوە و واژووی 50 پەرلەمانتاریش هەیە، بەڵام ناوەكان نەگەیشتوون.

لای خۆیەوە مەهدی تەقی پەرلەمانتاری "فەتح"، روونی كردەوە، رەوانە نەكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان پێش 48 سەعات لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەندامان پێشێلكاری یاساییە و عەلاوی بەوە خۆی هاوێشتووەتە هەڵوێستێكی نەخوازراو لەرووی پابەندی بە وادە یاساییەكان، بۆیە تێپەڕكردنی كابینەكەی بەزەحمەت دەبێت. 

لای خۆیەوە مەیادە نەجاڕ پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا رەخنەی توندی لە عەلاوی گرت بەوەی وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و ئەوان رێگە بەوە نادەن، عەلاوی سەلماندی كە سیاسییەكی ژیر نییە و بەمامەڵەكردنیشی بەوشێوەیە، خۆی خستە ناو رەتكردنەوەی سیاسیانە لەیەكەم ساتییەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل