ئیدلب.. مووشەكباران و بۆردمانی ئاسمانی رووسیا لە هێزەكانی توركیا نزیك دەبنەوە

:: PM:05:19:23/02/2020 ‌

ئاڵۆزیی پێوەندییەكانی رووسیا و توركیا لە باكوری سووریا روو لە زیادییە و ئێستە ئەو ناوچە ئارامەی لە باكوری رۆژئاوای سووریا بەسەرپەرشتی توركیا هەیە، بووەتە ناوچەی نەخوازراو و رووسیا پەیامی جیاواز بۆ توركیا رەوانە دەكات بۆ چۆڵكردنی و رادەستكردنەوەی بۆ سوپای سووریا، ئەمڕۆیش هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا لە هێزەكانی توركیا لە ئیدلب نزیك بووەوە.
توركیا بەرەو سەپاندنی ناوچەیەكی ئارامی بەردەوام هەنگاو دەنێت
وەك روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا هێرشیان كردووەتە سەر چەند ناوچەیەك لە بەرزاییەكانی زاوییە و ئەربەعین لە باشووری ئیدلب، جیا لە بۆردمانی مووشەكی بۆ ئەو ناوچانە، ئەوەیش دەكەوێتە نزیك كۆمەڵگەیەكی سەربازی هێزەكانی توركیا لە سەربازگەی مەستوومە لە باشووری ئیدلب.

روانگەكە زیاتر گوتی، جیا لەو بۆردمانە هێزێكی زۆری سوپای سووریا گەیشتووەتە بەرەی جەنگی كەفر سجنە لە بەرزاییەكانی زاوییە لە باشووری ئیدلب، لەبەرانبەردا كاروانێكی سەربازی توركیا پێكهاتوو لە 65 ئۆتۆمبێلی زریپۆشی سەربازی روویان لە ناوچەكانی ئیحسم و بارە و دەوروبەری كەفر نبل و بەرزاییەكانی زاوییە كردووە، كە ئەوان توركیاوە هاتوون. 

لەوكاتەی ژمارەی ئەو هێزانەی توركیا كە لە 2ی ئەم مانگەوە تا ئێستە هاتوونەتە دەوروبەری ئیدلب گەیشتووەتە 7600 سەرباز دوو هەزار و 765 تانك و زریپۆش و ئۆتۆمبیلی سەربازی و رادار، كرملین ئەمڕۆ رای گەیاند كە توركیا پابەندی بەڵێنەكانی لە رێككەوتنی سووچی لەبارەی ئیدلب نەبووە، كە دوا پێگەی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، بۆیە ئێستە تیرۆریستان لە ئیدلب چەكی پێشكەوتوو لە توركیا وەردەگرن.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل