ماجد شنگالی: بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت ئابووری عێراق لەمەترسیدایە

:: PM:07:53:29/02/2020 ‌

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق وریایی لە داڕمانی ئابووری عێراق دەدات بەهۆی دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا وەك لێكەوتێكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەر رێوشوێنی پێویست بۆ زیادكردنی سەرچاوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان وەرنەگیرێت.
پێویستە كار بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی بكرێت
ماجد شنگالی ئەمڕۆ شەموو لە تویتێك نووسیویەتی، عێراق بەرەو داڕووخانی ئابووری هەنگاو دەنێت، ئەگەر كار بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی سەرچاوەی داهات نەكات، چونكە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 50 دۆلاری ئەمەریكی.

روونی كردەوە، ئێستە دنیا بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشبینی دروستبوونی تەنگژەیەكی ئابووری بەهاوشێوەی ساڵی 2008 دەكات، لەوكاتەی بوجەی عێراق بەرێژەی 98% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و ئەو قسانەیشی لەبارەی فرەوانكردنی داهات و سەرچاوەی داهات دەیبیستین، تەنیا قسەیە و هیچمان نەبینیوە. 

لەوكاتەی بەهۆكاری خۆپێشاندانەكان و تەنگژەی سیاسی عێراق تا ئێستە نەتوانراوە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ 2020 رەوانەی پەرلەمان بكرێت، پەرلەمانتارێكی عێراق رای گەیاند كە رێژەی كورتهێنان لە بودجەكە كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە دەگاتە 48 ملیار دۆلار و ئەوەیش زۆر زۆرە و پێویستە چارەسەر بكرێت.

شایەنی باسە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بەتایبەتی لە چین كە زۆرینەی كارگەكانی دنیا بەهۆی زۆری و هەرزانی دەستی كار لەو وڵاتە كۆبووەتەوە، كاری كردووەتە سەر كەرتی پیشەسازی بووەتە هۆی دابەزنی زۆری خواست لەسەر نەوت و دابەزینی نرخەكەی لە بازاڕەكانی دنیا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل