هەڵمەتی ڕشاندنی هەولێر دەستی پێ کرد

:: AM:11:15:07/03/2020 ‌
لە هەڵمەتێكی هاوبەشی شارەوانی و تەندروستیی هەولێر، سەرجەم شوێنە گشتییەكانی ناو بازاڕی شارەکە بە پاككەرەوەی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا پاك دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر و شارەوانیی هەولێر، سەرجەم شەقامە گشتی بازاڕەكانی ناو سەنتەری شارەکەیان بە پاککەرەوەی دژە ڤایرۆس پاك كردەوە.

هەڵمەتە وەك هەنگاوێكی خۆپارێزییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا 
عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە میدیاكانی گوت، ئەو هەڵمەتە وەك هەنگاوێكی خۆپارێزییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە شوێنی كۆبونەوەی خەڵكی زۆرە.

سەرۆكی شارەوانی هەولێر ئاشكرای كرد، لە هەڵمەتەكە بازاڕەكانی قەیسەری، سەنتەری شار، بازاڕەكانی تەیراوە، سەیداوە، ئیسكان، شەقامە گشتییەكان و ئەو شوێنانە كە پێویستیان بەپاككردنەوە هەیە پاک دەکرێنەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەم هەڵمەتە لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەكات و چەند ڕۆژێك دەخایەنێت، هەروەها زۆر گرنگە هاووڵاتییان بۆ هەنگاوە خۆپارێزییەكان هاوكار و هاوئاهەنگ بن.

تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاریی و بەرەنگاری بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە، نۆ كەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون كە لە ئێران گەڕاونەتەوە.













وشە - رامیار جەواد