ماڵباتی ژنە تووشبووەکەی هەولێر سەلامەتن

:: AM:11:47:07/03/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای کرد، ماڵباتی ئەو ژنەی هەولێر کە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، سەلامەتن.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئادار، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پشکنین بۆ ماڵباتی ژنە تووشبووەکەی هەولێر کراوە، دەرکەوتووە ئەوان سەلامەتن و هیچ تووشبوویەکی تر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو ماڵباتەکەیاندا نییە.

ئەگەر هەیە بڕیار بدرێت بە داخستنی كۆمەڵێك شوێنی تر لە هەولێر
پارێزگاری هەولێر گوتی، بڕیارە سبەی كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربكرێت، ئەگەر هەیە بڕیار بە داخستنی كۆمەڵێك شوێنی تر لە هەولێر بدرێت.

دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە گوتی، هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ژنە تووشبووەکەی هەولێر دەدەین، لە ئێستەوە تیمە پزیشكییەكان هەموو توانایەكی خۆیان خستووەتە گەڕ.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی، ئەو ژنە 33 ساڵەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، دووگیانە.

تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاریی و بەرەنگاری بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە، نۆ كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون كە لە ئێران گەڕاونەتەوە.




وشە - رامیار جەواد