مەسروور بارزانی بۆ هاووڵاتییانی كوردستان: ئێمە بەرپرسیارین بەرانبەر ئێوە

:: PM:06:14:14/03/2020 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لەبارەی ڕێنوێنییەكان و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و دەركردنی رێنوێنی تەندروستی.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە گوتارێكی ڤیدیۆی گوتی، دەمەوێ لەم دەرفەتەدا راستەوخۆ باسی رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناتان بۆ بكەم، بەر لە هەر شتێك ، "سوپاستان دەكەم بۆ پابەندبوونتان بەو رێنوێنی و رێكارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ سەلامەتی ئێوەی بەڕێز گرتمانەبەر. پشتیوانیی و هەماهەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنوورداركردنی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە".

سەرۆك وەزیران دەڵێت "لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لایەنە پێوەندیدارەكان بكەم، وێڕای هەوڵدانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینكردنی پێداویستیی رۆژانەی خەڵك و كۆنترۆلی بازاڕەكان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی  پۆلیس و ئاسایش و یەكە ئیدارییەكان و هەروەها وەزارەتی تەندروستی بكەم كە بە شیوەیەكی مەیدانی شەو و رۆژ لە خزمەتی هاوولاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم  ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشك وپەرستارانە دەكەم كە لە ریزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە".

هەڕەشەكانی ڤایرۆسەكە بۆ سەر ژیانی خەڵك و هەروەها لێكەوتەكانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر رژد و سەختن
هەروەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئاشكرایە هەرێمی كوردستان وەك هەموو ناوچەكانی تری دنیا، رووبەڕووی هەڕەشەیەكی چاوەڕوان نەكراو بووەوە كە ئەویش پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و دەركردنی رێنوێنی تەندروستی. سەرۆك وەزیران دەڵێت: ئەوەبوو هەر زوو بودجەیەكی فریاگوزاریمان تەرخان كرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك: راگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان، كەمكردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاكان و  سنوورداركردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەكان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشكنینی پلەكانی گەرمای لەش  لە فرۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان. دوای دیراسەكردنی دۆخەكەش ، بڕیارماندا هاتوچۆی نێوخۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراقیش رابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت . ئێستەش لە قۆناغێكداین كە پێویستە هاتوچۆی ناو شار و شارۆچكەكانیش سنووردار بكرێت.
" ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست، ئەو رێكارانەی دەگیرێنەبەریش هەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە . بەتایبەتی قەدەخەكردنی هاتوچۆ لە پێناو ئەوەیە كەمترین پێوەندی هەبێت و ئەو كەسانە بدۆزرێنەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بۆ ئەوەی كەسانی تر تووش نەبن" مەسروور بارزانی وا دەڵێت.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو "ئێمە بەرپرسیارین بەرانبەر ئێوە، ئێوەش بەرپرسیارن بەرانبەر بە خۆتان و كەسوكارو ناسیاو و هاووڵاتییانی تر، بۆیە ئەگەر هەموومان بە حكوومەت و هاووڵاتییەوە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان هاوكاری یەكتر بین و رێنماییەكان جێبەجێ بكەین ، دەتوانین رێگری لە بلاوبوونەوەی ئەو پەتایە بكەین و چەند زووتریش ئەوە بكەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بكەینەوە".  

لەبەشێكی تری گوتارەكەیدا گوتی، ئەم پەتایە كە هەرێمی كوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە ، زیانی گیانیی هەبووە. تا ئێستی لە هەرێم ٢٨ هاووڵاتی تووشبوو هەیە و یەك كەسیش گیانی لە دەستداوە. لێرەدا سەرەخۆشی لە كەسوكارەكەی دەكەم و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ نەخۆشەكان دەخوازم.

مەسروور بارزانی داوا دەكات پابەندبن بە رێنوێنییە تەندروستییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەكانتان بشۆن و هاووچۆ و تێكەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بكەن  و تا بۆتان دەكرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هەركاتێكیش هەستتان بە نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كرد پێوەندی بە هیڵی گەرمی ١٢٢ بكەن بۆ ئەوەی هاوكاری و رێنمایی پێویستتان پێشكەش بكەن.
 
لە بەشێكی تری گوتارەكە دەڵێت، هەڕەشەكانی ڤایرۆسەكە بۆ سەر ژیانی خەڵك و هەروەها لێكەوتەكانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر رژد و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن كە لە رابردوودا هەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان رووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار رووبەڕووی ستەم و دیكتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەركەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە هاوكاریكردنی یەكتر و لە بەرچاوگرتنی رێنوێنییە تەندروستییەكان، دەتوانین یەكگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین. 

هاوكات داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت و خاوەن موڵكەكان دەكەم كە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوكاندارە كرێچییەكان بكەن بۆ ئەوەی هەردوولا  بەهاوبەشی تەحەمولی زیانەكان بكەن و ئەركی كرێچییەكان سووك بكرێت. 

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی كوردستان . ئێمە هەموو هەوڵ و تواناكانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانیش دەكەم، لەم ئەركەدا هاوكار و پشتیوانمان بن. لە رۆژانی داهاتووشدا دەزگاكانی حكومەت قۆناخ بە قۆناخ لە هەنگاوو رێكارەكانی پێویست بۆ رووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەكەنەوە" سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم