هەڵەكانی ئیتاڵیا لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

:: PM:10:37:23/03/2020 ‌

لەوكاتەی ئەمڕۆ دووشەم 602 حاڵەتی نوێی مردن لە ئیتاڵیا هاتە تۆماركردن، بەوەیش كۆی ژمارەی مردن گەیشتە 6078 حاڵەت و ئەوەیش كارەساتە، ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێكی داوا لە وڵاتان دەكات سوود لە ئەزموونی ئیتاڵیا وەربگرن و هەڵەكانی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دووبارە نەكەنەوە.
ئیتاڵیا باجی كەمتەرخەمیی بەرپرس و دامەزراوە تەندروستییەكان و درەنگ دابڕین دەدات
راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە دەبوایە وڵاتانی رۆژئاوا سوودیان لە هەڵەكانی حكوومەتی ئیتاڵیا وەرگرتبووایە، بەڵام نەیان كرد، كاتێك چەند هۆكارێك وایان كرد ڤایرۆسەكە بەوشێوەیە لەو وڵاتە بڵاو ببێتەوە، لەوانە زۆرینەی دانیشتوانی بەتەمەنن و كۆرۆنایش مەترسی زیاتر بۆ سەر ئەو تەمەنە دروست دەكات. 

جیا لەوە ئیتاڵییەكان حەزیان بە تێكەڵییە و ئەوەیش یارمەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەی دا و دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز كرد، سەرەڕای بوونی چەند نەخۆشخانەیەكی بچووك لە هەرێمی لومپاردی كە بەخراپی و كەمتەرخەمی مامەڵەیان لەگەڵ حاڵەتەكانی سەرەتایی ئەو پەتایە كرد و ئەوەیش بووەتە هۆی تووشبوونی چوار هەزار لە تیمی پزیشكی ئەو نەخۆشخانانە، لەپاڵ ئەوەی ئیتاڵیا نەیتوانیوە ستراتیجیەتێكی گشتی بۆ بەدواداچوون و دابڕین خەڵكەكە دابنێت. 

ئەوانە جیا لە كەمتەرخەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیە لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، كەچی تەنیا كاتێك هەستیان بە مەترسیداریی پەتاكە كرد، دەستیان بە توندكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی كرد و چەند ناوچەیەكیان داخست، ئەگەرچی دوای توندكردنی رێوشوێنەكان لە یەكشەمی رابردووەوە رێژەی تووشبوون 10% ە حاڵەتەكانی مردنیش كەمیان كرد، بۆیە وا خەریكە ئەو هەڵانەی ئیتاڵیا لە وڵاتانی وەك ئیسپانیا و فڕەنسا دووبارە دەبێتەوە و ئەوانیش خاوەخاویان لە داخستنی گشتی كرد، هەرچی بەریتانیایە تا ئێستەیش خەریكی توندكردنی رێوشوێنەكانە و ئەمەریكایش بە هەمانشێوە.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل