نووسینگه‌ی سه‌رۆكی فڕه‌نسا ئیمانۆیل ماكرۆن رای گه‌یاند، سێ كه‌سی فڕه‌نسی و یه‌كێكی عێراقی كه پێشتر له عێراقدا رفێنرابوون، ئازاد كران.
سه‌رۆكی فڕه‌نسا پێشوازیی له ئازادكردنیان كردووه
ئاژانسی
"رۆیته‌رز" بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و سێ فڕه‌نسی و یه‌كێكی عێراقی كه به‌رله دوو مانگ له‌ناو عێراقدا هاتبوونه رفاندن، له رێكخراوێكی فڕه‌نسیی ناحكوومی له عێراقدا كاریان ده‌كرد.
زیاتر روونی كردووه‌ته‌وه، سه‌رۆكی فڕه‌نسا پێشوازیی له ئازادكردنیان كردووه.
ئه‌و رفێنراوانه‌ی كه پێشتر گرابوون و ئێسته ئازاد كراون، ناویان ئه‌نتوان برۆشۆن، جۆلیان دیتمار، ئه‌لیسكه‌نده‌ر جودارزی و عێراقییه‌كه‌یش ناوی تاریق مه‌عتووقه.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی فڕه‌نسا، ئه‌و چوار كه‌سه له رێكخراوی "ئێس ئۆ ئێس كریتیان دوریان"ی ناحكوومی كاریان كردووه كه به‌پێی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی ئه‌و رێكخراوه، بۆ یارمه‌تیی مه‌سیحییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه كار ده‌كات.
ڕێكخراوەی "ئێس ئۆ ئێس كریتیان دوریان"ی ناحكوومی لە ساڵی 2014ەوە كاتی دروستبونی رێكخراوی تێرۆریستی داعش و كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ لە عێراق دەستی بە كارەكانی كرد بە مەبەستی هاوكاریكردنی دەیان پەنابەری مه‌سیحى و ئێزدی، ڕێكخراوەكە لە هەرێمی كوردستان زۆر چالاكە و ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەرانی مه‌سیحییه‌كانى ناوچەكانی خوارووی عێراق بە مەبەستی وەرگرتنی هاوكاری لۆجیستی و دەروونی ڕوو لەو ڕێكخراوە دەكەن.