قەدەغەی هاتوچۆ 10 رۆژ درێژ كرایەوە

:: PM:05:20:31/03/2020 ‌
 وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ئامارەكان ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی لە هەرێمی كوردستان درێژ كردەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئادار، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، لە سبەینێوە قەدەغەی هاتوچۆ تا 10ی نیسان درێژ دەكرێتەوە، بەڵام هەندێك ئاسانكاری دەكرێ‌ بۆ هاووڵاتییان.

هه‌موو زانیارییه‌ك له‌سه‌ر بڕینى ده‌رماڵه‌ و مووچه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌
ڕوونیشی كردەوە كە هەر خێزانێك دابڕاوە لەیەكتر و لە شاری ترن دەتوانن تا 72 سەعاتی تر بگەڕێنەوە ماڵەكانی خۆیان. دووپاتی لەوەیش كردەوە كە قەدەغەی هاتوچۆ بە مانای راگرتنی جووڵە دێ‌، بۆیە نابێ‌ ئۆتۆمبێل و پیادە زۆر لە دەرەوە بن و سزاكانی قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام دەبن.

وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، هیچ گەشتیارێك ناتوانێ بێتە ناو هەرێمی كوردستان و دوێنیش لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ژمارەیەك قوتابی كورد لە دەرەوەی وڵات گەرانەوە كوردستان.

هەروەك دووپاتی كردەوە كە لە یەكی شەو تا شەشی بەیانی رێ بەخاوەن كێلگە پەلەوەرییەكان دەدرێ‌ هاتوچۆ بكەن.

وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرسیاری لەبارەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران لێ‌ كرا و ڕای گەیاند، ئەو بابەتە هیچ بنەمای نییە و "نازانین ئەوانەی قسە دەكەن زانیاری بڕینی دەرماڵە لەكوێ‌ دەهێنن لەكاتێكدا لە ئەنجوومەنی وەزیران باسی ئەو پرسە نەكراوە".

هەروەك دووپاتی كردەوە كە هاتنی خۆراك و دەرمان بەپێی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دێت و هیچ كێشەیەكی نییە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم