هەواڵگریی ئەمەریكا لە هۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەكۆڵێتەوە

:: PM:05:21:31/03/2020 ‌

لەو كاتەی هەواڵگریی ئەمەریكا سەرقاڵی كۆكردنەوە و شیكردنەوەی زیاترین زانیارییە لەبارەی سەرچاوە و شێوازی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا، چەند سەرچاوەیەك لە حكوومەتی ئەمەریكا بە "رۆیتەرز"یان راگەیاند، حكوومەتەكانی چین و رووسیا و كۆریای باكور رێگرن لە وەرگرتنی زانیارییەكان. 
هەواڵگرییەكانی دنیا لە هۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەكۆڵنەوە
سەرچاوەكان دەڵێن، هەروەها ئاژانسەكانی هەواڵگریی ئەمەریكا زانیاری وردیان لەبارەی هۆكاری ئەو بڵاوبوونەوە خێرایەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران نییە، ئەگەرچی زانیارییەكان لەبارەی تووشبوون و مردن لەو وڵاتە لە راگەیاندنەكان باسیان دەكرێت، بۆیە هەر چوار وڵاتی رووسیا و چین و كۆریای باكور و ئێران بۆ هەواڵگریی ئەمەریكا ئامانجی سەختن بۆ وەرگرتنی زانیاری، ئەوەیش بەهۆی قۆرخكاریی حكوومەتەكانیان بۆ زانیارییەكان، تەنانەت لە دۆخی ئاساییشدا.

شارەزایان دەڵێن، ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی ورد لەو وڵاتانە لەبارەی هۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، یارمەتی هەوڵەكانی ئەمەریكا و دنیا دەدات بۆ كەمكردنەوەی زیانی گیانی و ئابووری بەهۆی ڤایرۆسەكەوە، جێریمی كۆنیندیك، شارەزا لە سەنتەری هزری جیهانی لە سەنتەری پەرەپێدانی جیهانی گوتی، دەمانەوەێ تێگەیشتنی وردمان سەبارەت بە شوێنی پەرەسەندنی ڤایرۆسەكە هەبێت، چونكە ناتوانرێت لەكۆڵ ئەو پەتایە ببینەوە ئەگەر نەتوانین لە هەموو ناوچەیەكی دنیا بەسەریدا زاڵ بین.

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن، ئاژانسە هەواڵگریەكانی ئەمەریكی لە سەرتای ئەمساڵەوە وریاكردنەوەیان ئاراستەی بەرپرسانی چین كردووە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە كە لە كۆتای ساڵی رابردوو لە ووهانی چینی دەستی بە بڵاوبوونەوە كردووە، لەوكاتەی كۆریای باكور بانگەشەی ئەوە دەكات كە هیچ تووشبوونێكی نییە كەچی دراوسێی چینە، كۆنیندیك دەڵێت، كۆریا وڵاتێكی ئەتۆمییە و گرنگە بزانین تا چەند زیانی پێ گەیشتووە، چونكە هەرشتێك سەقامگیریی حكوومەتەكە بشێوێنێت بۆ ئەمەریكا گرنگە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل