مەسروور بارزانی: داكۆكی لە مافی گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین

:: PM:05:36:31/03/2020 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی  سەری ساڵی بابلی و جەژنەكانی ئەكیتۆ، پەیامێكی بڵاو كردەوە و دووپات لەسەر پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەكان دەكاتەوە بەهۆی بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا.

داوا لە هەموو لایەك دەكەم پابەندی رێكار و رێنوێنییە تەندروستییەكان بن
ئەمڕۆ سێشەم 31ی ئادار، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا رای گەیاند، بەبۆنەی سەری ساڵی بابلی (ئاشووری- كلدانی) و جەژنەكانی ئەكیتۆ، پیرۆزبایی لە خوشك  و برایانی كلدانی و ئاشووری و سریانی لە هەرێمی كوردستان و دنیا دەكەین . "هیوادارین ساڵی خێر و خۆشی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە بێت كە هەرێمی كوردستان و جیهانی گرتووەتەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییە نەرێنییەكانی".

سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەڵێ، داوا لە هەموو لایەك دەكەم پابەندی رێكار و رێنوێنییە تەندروستییەكان بن بۆ ئەوەی بە هاوكاری هەموولایەك بتوانین ئەم دۆخە دژوارە تێپەڕێنین.  

"هەرێمی كوردستان نموونەیەكی گەشی بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەی ئاین و نەتەوەكانە كە مایەی شانازیمانە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لە پابەندبوونی خۆی بە داكۆكیكردن لە مافی گشت پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و قووڵكردنەوەی كولتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە دەكاتەوە" سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا وای نووسیوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم