عێراق.. ژمارەی تووشبووان زیاد دەبێت و قەدەغەی هاتوچۆ توند دەكرێت

:: PM:05:58:31/03/2020 ‌

دوای ئەوەی ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكانی عێراق ئاماژە بۆ هەڵكشانی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن دەكەن، شانەی تەنگژەی پەرلەمانی عێراق داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەزۆر دەكات. 
11 ئەندامی یەك خێزان تووشی كۆرۆنا بوون
فالح زیادی، گوتەبێژ بەناوی شانەی تەنگژەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەم داوای سەپاندنی بە زۆری قەدەغەی هاتوچۆی كرد و گوتی، سووربوونێكی حكوومەت هەیە بۆ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ بەزۆر و بڕیارەكانیتری شانەی تەنگژە.

زیاتر گوتی، پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران پاڵپشتییەكانی بۆ بڕیارەكانی شانەكە زیاد بكات و دەسەڵاتی زیاتریش بداتە وەزارەتی تەندروستی بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانی و دووپاتی كردەوە، پێویستە رێوشوێنی توندتر بۆ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ و سەپاندنی دابڕینی ماڵی بە زەبری هێز وەربگیرێت.

ئەمڕۆ سێشەم فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای نەجەف رای گەیاند كە 22 حاڵەتی نوێی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كردووە كە 11یان لە یەك خێزانن، ئەوەیش دوای ئەوەی دوێنێ دووشەم 18 حاڵەتی تر تۆمار كرابوون.

لەوكاتەی بەپێی ئاماری دوێنێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق 83 حاڵەتی نوێی تووشبوون و چوار مردن و نۆ چاكبوونەوە تۆمار كرابوو و كۆی تووشبوون گەیشتە 630 حاڵەت و مردنیش 46 حاڵەت و 152 چاكبوونەوەیش هەبووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل