میترۆ پشتیوانی لە بڕیارەكەی وەزیری ناوخۆ دەكەن

:: PM:04:43:04/04/2020 ‌
سەنتەری میترۆ پشتیوانیی داخوازییەكەی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن هاوكار بن لە دیاریكردنی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە ئەركی رۆژانەدان.

سەندیكای رۆژنامەنووسان زیاتر لە حەوت هەزار ئەندامی هەیە
ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كرد دەزگاكانی راگەیاندن نووسراوێك بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان بكەن كە هاتوچۆ دەكەن و رووماڵی كارەكان دەكە. نمونەیەكی بەوە هێنایەوە كە باجی رۆژنامەنووسی بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەكار هاتووە و تەنیا لە یەك ڕۆژدا لە بازگەك 600 ئۆتۆمبێل تێپەڕ بوون 99 لەوانە رۆژنامەنووس بوون.

هاوكات سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی لە داخوازییەكەی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و داوای لە سەندیكای رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی میدیا دەكات رێكاری بە پەلە بگرنە بەر تا شوناسی سەندیكا و میدیاكان نەكرێنە چەكێك بۆ شكاندنی بریارەكانی خۆپارێزی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ.

سەندیكای رۆژنامەنووسان زیاتر لە حەوت هەزار ئەندامی هەیە و سەتان كەسیش بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ئەو باجەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی بەكار هێناوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم