ژاپۆن.. بە فەرمی باری تەنگەتاوی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیەنرا

:: PM:04:53:07/04/2020 ‌
ژاپۆن باری تەنگەتاوی راگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش لەبەردەم پەرلەمان پلانی كۆمەكی خەڵك و كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكانی راگەیاند. شینزۆ ئابێ دەڵێ، ژاپۆن لە قۆناغێكی مەترسیدار دایە، كەرەنتین لەسەر تۆكیۆ و شەش هەرێمی تر بۆ ماوەی مانگێك راگەیەنرا.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسان، حكوومەتی ژاپۆن باری تەنگەتاوی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ژمارەیەك ناوچە و هەرێم بۆ ماوەی یەك مانگ راگەیاند.

ژاپۆن 990 ملیار دۆلار بۆ یارمەتی خەڵک و کۆمپانیا بچووک م مامناوەندەکان تەرخان دەکات


حكوومەتی ژاپۆن بڕیاریدا، هەریەكە لە تۆكیۆی پایتەخت و شەش هەرێمی تر كە كۆی گشتی دانیشتووانەكەیان دەكاتە 44%ـی دانیشتووانی ژاپۆن، بۆ ماوەی یەك مانگ لە ماڵەكانیان كەرەنتین بكرێن.

شینزۆ ئابێ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی هێمای بۆ ئەوەكرد، بڕیارەكەی حكوومەت هەوڵێكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تۆمار نەكردنی تووشبووی نوێ، زیاتر گوتی "بڕیاری تەنگەتاوی لەوكاتەدا دراوە كە دەبینین ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر بە خێرایی لە سەرانسەری ژاپۆن بڵاو دەبێتەوە و ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر رۆحی مرۆڤەكان و ئابووری ژاپۆن هەیە".
 
هاوكاتی بڕیاری تەنگەتاوی، حكوومەتی ژاپۆن پلانی كەم كردنەوەی خەرجییەكان و پێشبینی خۆیشی بۆ كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی وڵات راگەیاند، هاوكات بڕی 990 ملیار دۆلار دابینكرا كە دەكاتە 20%ـی بەرهەمی ئابووری ژاپۆن، بە مەبەستی پشتگیریكردن لە كۆمەكی خانەوادەكان و كۆمپانیا بچووكەكان.
 
 بەگوێرەی ئامارەكان بێت، كۆی گشتی تووشبووانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ژاپۆن، چوار هەزار كەسە، لەم ژمارەیەدا تا ئێستە 92 كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 500 كەسی تریش چازبوونەتەوە.
 



وشە - فه‌رمان سادق