ورده‌كاری‌ گرتنی‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ سلێمانی‌

:: PM:09:57:07/04/2020 ‌
هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، رۆژنامەنووسێكی شاره‌كه‌یان گرت، بەهۆی ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەكی لەسەر كەمتەرخەمیی هێزە تەناهییەكان بڵاو كردووەتەوە.

ڤیدیۆى هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانى تۆمار كردووه‌
زریان محەمەد، رۆژنامەنووس لە سلێمانی لەسەر بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆی كە باسی لە كەمتەرخەمی لایەنەكان كردبوو لەسەر شكاندنی خۆپارێزی لە لایەن چاودێری بازرگانی سلێمانی و باسی لەوەكردبوو كە ئەوەی ئەمڕۆ كراوە جۆرێكە لە پێشێلكار و دواتر لە لایەن ئاسایشی سلێمانی بانگكراو گیرا.

رەحمان غەریب، سەرۆكی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كارانە و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆكان كاری پیشەیی بووە و دەبوو ستایشی رۆژنامەنوسەكە بكرێت.

روونیی كردەوە بانگهێشتكردن و لێكۆڵینەوە لەو رۆژنامەنووسە  لەلایەن ئاسایشی سلێمانی یاسا شكێنیە و ئەوان چۆن ڕێگەیان بە خۆیانداوە بیگرن.

لای خۆیەوە دڵشاد نامیق مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، لەم دۆخە هەستیارەدا كاری ڕۆژنامەنووسان هاوكاریكردنی لیژنەكانە بۆ پابەندبوون و توندكردنی ڕێوشوێنەكان، پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و لەو دۆخە رێزیان لێ‌ بگیرێ.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم