ئیتاڵیا.. ئاستی بڵاوبوونەوەی پەتاكە روو لە كزییە

:: PM:11:12:07/04/2020 ‌

ئیتاڵیا تا ئێستەیش یەكێكە لەو دوو وڵاتەی ئەوروپا لەگەڵ ئیسپانیا، كە كەوتوونەتە بەر هێرشێكی گەورەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رۆژانە سەتان حاڵەتی مردن و هەزاران تووشبوونی نوێ تۆمار دەكەن، بەرپرسێكی باڵای تەندروستی ئیتاڵی دووپاتی كردەوە كە كێرڤی پێشوەچوونی پەتاكە لەو وڵاتە دەستی لە لاربوونەوە كردووە.
ئیتاڵیا خەریكە قۆناغە مەترسیدارەكە تێدەپەڕینێت
جیۆڤانی ریتزا، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە پەتاییەكان لە پەیمانگەی باڵای تەندروستی ئیتاڵی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ سێشەم لە رۆما گوتی، پێ دەچێت ئێمە كەمبوونەوەی تۆماركردنی حاڵەتی نوێی تووشبوون ببینین و كێرڤی بڵاوبوونەوەی پەتاكە دوای قۆناغی سەقامگیربوون، ئێستە روو لە لاربوون و كزبوونە.

زیاتر گوتی، لێگەڕێن با چاوەڕوانی سبەی و دووسبەی بكەین بەر لەوەی هەناسەیەكی قووڵ هەڵمژین، روونی كردەوە، هیوادارین هێواشبوونەوەیەكی هەستپێكراوی پەتاكە ببینین، بەڵام پێویستە ئەوە لە بیری خۆمان دابنێین كە ئەو ڤایرۆسە لە نێوان خەڵكەكە دەمێنێت، تەنانەت ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەك یان مانگێك بگەین بە حاڵەتی تۆمارنەكردنی هیچ حاڵەتێكی نوێی تووشبوون، ئەوكاتیش هەمووان ئازاد نابین.

ئەو بەرپرسە ئیتاڵییە ئاماژەی كرد كە لە جەنگێكی سەختداین لەگەڵ ڤایرۆسەكە و پێویستە بە وردی پارێزگاری لە رێوشوێنەكانی خۆبەدوورگرتن لەیەكتر بكەین، چونكە هەر سووككردنێك واتە خولێكی نوێی تووشبوون.

لای خۆیەوە ئەنجیلۆ بۆریلی، سەرۆكی دەستەی بەرگری شارستانی دووپاتی كردەوە، ئاماری تووشبوون لە نەخۆشخانەكان و بەشەكانی چاودێری چڕ روو لە كەمییە، بەڵام ژمارەی مردووان هێشتا زۆرە، ئاشكرای كرد كە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 604 حاڵەتی نوێی مردن و 3039 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، لای خۆیەوە حكوومەتی ئیتاڵیا رای گەیاند كە لە كۆتاهێنان بە دۆخی نائاسایی نزیك نین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل