ئەمەریکا.. لە 24 سەعات دوو هەزار كەس بە ڤایرۆسی كۆرۆنا مردن

:: AM:09:51:08/04/2020 ‌
نزیكەی دوو هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 24 سەعاتی رابردوو لە ئەمەریكا گیانیان لە دەست داوە، ئەمەش بەرزترین ئاماری گیان لەدەستدانە لە رۆژێكدا. كۆشكی سپی پێشبینی دەكات ژمارەی تووشبووان لە ئەمەریكا بگاتە دوو ملیۆن كەس و قوربانیانیش بۆ 240 هەزار زیاد بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی زانكۆی جۆنز هۆبگنز لە ئەمەریكا، لە 24 سەعاتی رابردوودا 29 هەزار و 609 كەس ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە، بەمەش ژمارەی تووشبووان لە ئەمەریكا گەیشتە 396 هەزار 233 كەس.

هەر لە 24 سەعاتی رابردوودا، بە تەنیا لە ئەمەریكا هەزار و 939 تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، گیانیان لە دەستداوە، بەمەش ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەمەریكا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 12 هەزار و 722 كەس

 ئەمەریكا لە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشەنگی وڵاتانی دنیای گرتووە، خێرا هەڵكشانی ژمارەی قوربانیانیش لە ئەمەریكا، ئاماژەن كە لە چەند رۆژی داهاتوودا ریزبەندی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئیسپانیا كە (13 هەزار و 798 قوربانی) و ئیتالیا كە (17 هەزار و 127 قوربانی)یە وەردەگرێت، ئەمەریكا لە ژمارەی قوربانیانیش پێشەنگی دنیا دەگرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە شەوی رابردوو لە كۆشكی سپی ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە دا كە ئەمەریكا لە هەموو وڵاتانی دنیا زیاتر پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام دەدات، ئەمەشە هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانە. گوتی "تا ئێستە لە ئەمەریكا ملیۆنێك و 800 هەزار پشكنین ئەنجام دراوە كە تێكڕای رۆژانەی دەكاتە 125 هەزار پشكنین".

کۆشکی سپی؛ ژمارەی تووشبووان دەگاتە دوو ملیۆن و لەم ژمارەیەش ٢٤٠ هەزار کەس گیان لەدەست دەدەن


 بەپێی پێشبینی كۆشكی سپی بێت، ژمارەی تووشبووان لە ئەمەریكا دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار تا دوو ملیۆن و 200 هەزار كەس، لەم ژمارەیەش 100 بۆ 240 هەزار كەس لە ئەمەریكا بە ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆفید 19/ گیان لە دەست دەدەن

جێی باسە لە رۆژی ئاشكرابوونی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری ووهانی چین، تا ئێستە لە سەرانسەری دنیا نزیكەی 80 هەزار كەس بوونەتە قوربانی كە سەر 192 وڵات دابەش دەكرێن.



وشە - فه‌رمان سادق