WHO: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتی كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای هەیە

:: AM:10:58:08/04/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی هەڵكشانی ئامارەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێكخراوی تەندروستی جیهانی نیگەران كردووە، بەڵام پێیان وایە دەرفەتی باش هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی. WHO دەڵێ، 78%ـی تووشبووانی كۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێرانە، كۆی گشتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمتر لە چوار هەزار تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای گەیاند، لەگەڵ ئەوەی رۆژانە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماری نوێی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو دەكەنەوە كە جێی نیگەرانییە، بەڵام هێشتا دەرفەتێكی باشیان لە بەردەمدایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی وێڕای ئەوەی نیگەرانی دەردەبڕێت لە زیاتربوونی ژمارەی تووشبووان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێ تا ئێستە زیاتر لە 77 هەزار تووشبوو بە ڤایرۆرسی كۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار كراوە، لەم ژمارەیە نزیكەی چوار هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە.

ئامارەكەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پاكستان و ئەفغانستان دەست پێ دەكات تا سۆماڵ و جیبۆتی، سەرجەم وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە جگە لە توركیا.

٧٨%ی تووشبووانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێرانە


ریچارد برینان بەرپرسی نووسینگەی هەرێمایەتی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ، 78%ـی كۆی تووشبووان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێرانە، بە هەموو وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمتر لە چوار هەزار تووشبوویان هەیە.

ریچارد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆی رێكخرابوو، روونی كردەوە كە تێكڕای گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ پێوەری جیهانی یەك دەگرێتەوە كە رێژەكە 2% بۆ 4%، گوتی "لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك ئاماژەی دڵخۆشكەر و هاندەر هەن كە دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیرە، بەتایبەت لە ئێران كە لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵكشانی ئامارەكان سەقامگیر بووە، ئەگەرچی لە هەندێك وڵات ئامارەكان رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، بەگشتی لە زۆرینەی وڵاتان ئاماری زیاتربوونی تووشبووان ئێمەی نیگەران كردووە".

ئامارەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كاتێكدایە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی لە تەنگژە و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووریدان، بەشێك لەو وڵاتانە هێشتا شەڕ تێیاندا بەردەوامە وەك عێراق، سووریا، یەمەن و ئەفغانستان، بەهۆی شەڕەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس لەو وڵاتانە ئاوارە و پەنابەرن.



وشە - فه‌رمان سادق