یەكێتیی ئەوروپا لە پلانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا شكستی هێنا

:: PM:01:18:08/04/2020 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان، وەزیرانی دارایی وڵاتانی ئەوروپی دوای 16 سەعات كۆبوونەوە بۆ داڕشتنی پلانێكی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بووژانەوەی بازاڕەكانی ئابووری، شكستیان هێنا. سەرۆكی كۆمەڵەی یۆرۆ دەڵێ، سبەی پێنجشەم كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكەینەوە.

ماریۆ چسینتینۆ سەرۆكی كۆمەڵەی یۆرۆ لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رای گەیاند، دوای 16 سەعات كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی پلانێكی ئابووری دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەگەرچی نزیك بووینەوە لە گەیشتن بە رێككەوتن، بەڵام رێككەوتنی كۆتایی نەكرا و كۆبوونەوە بۆ سبەی پێنجشەم هاتە راسپاردن.

زیاتر روونی كردەوە، ئامانجی ئێمە گەیشتە بە تۆڕێكی ئەوروپی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتە دارایی و ئابوورییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ پاراستنی ژیانی كرێكاران و كۆمپانیاكان، هەروەها داڕشتنی پلانی دووبارە بووژانەوەی پڕۆژەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان.

برۆنۆ لۆمیر وەزیری دارایی فڕەنسا داوا لە ئۆلاف شولتز وەزیری دارایی ئەڵمانیا و وەزیرانی دارایی و ئابووری وڵاتانی ئەوروپی دەكات كە بەیەكەوە كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ گەیشتن بە رێككەون.

لێخۆشبوونی قەرزی کۆن وڵاتانی ئەوروپی دابەش دەکات و دەبێتە لەمپەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا


كۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و ئابووری وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە رێی تەلەڤزیۆنەوە ئەنجام درا، تەواوی شەوی رابردوو كۆبوونەوەكە بەردەوامی هەبوو، بەڵام دەرئەنجام نەگەیشتنە رێككەوتن.

 27 وڵاتی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا، لەسەر سێ تەوەری ئابووری كار دەكەن، لەوانە پێشكەشكردنی قەرز بە وڵاتان كە كۆی گشتی قەرزەكە 240 ملیار یۆرۆ بێت، هەروەها دانانی سندووقی رزگاركردنی ناوچەی یۆرۆ و دانانی سندووقی گرەنتی و دڵنیایی بۆ كۆمپانیاكان و بێكاری بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
 
ئیتالیا ئەو وڵاتەی زۆرترین كەس تێیدا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست داوە كە 17 هەزار و 127 كەسە، داوا لە وڵاتانی بەكارهێنەری دراوی یۆرۆ دەكات كە 19 وڵاتن، رێیەك بدۆزنەوە تا بتوانن لە رێیەوە قەرز بەیەكتر بدەن لە رێی قەواڵەیەك بەناوی "كۆرۆنا بۆند".

هەریەكە لە وڵاتانی فڕەنسا، ئیسپانیا، یۆنان، ماڵتا، لۆكسمبۆرگ و ئێرلەندا پشتگیری لەو بۆچوونەی ئیتالیا دەكەن. هاوكات جۆزیپی كونتی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا دووپاتی لە وەها قەواڵەیەك كردەوە بە مەبەستی دووبارە بووژانەوە ئابووری و دیوە كۆمەڵایەتییەكەی وڵاتانی ئەوروپی.

 ئەو بۆچوونەی ئیتالیا و وڵاتانی پشتگیریكار لەلایەن وڵاتانی باكوری ئەوروپا رەت كرایەوە، بەتایبەت ئەڵمانیا و هۆڵەندا، ئەمەش خاڵی ناكۆكی و شكستی گەیشتن بووە بە رێككەوتن.

ئەڵمانیا و هۆڵەندا، یەكخستنی قەرزەكان بە هێڵی سوور دەزانن، پێیان وایە ناكرێت لەگەڵ وڵاتانێك كە قەرزەكانیان گەلێك زۆرە، وەك ئیتالیا و ئیسپانیا، قەرزەكان یەك بخەین.

هەریەكە لە وڵاتانی دانیمارك، نەمسا، سوید و وڵاتانی بەڵتیك پشتگیری لەو بۆچوونەی ئەڵمانیا و هۆڵەندا دەكەن. فوبكی هوكسترا وەزیری دارایی هۆڵەندا دەڵێ، قەواڵەی كۆرۆنا بۆند كێشەی زۆر دروست دەكات نەك چارەسەر.

ماریۆ چینتینۆ سەرۆكی كۆمەڵەی یۆرۆ دەڵێ، پێویستە كار بكرێت بۆ پلانی بووژانەوەیەكی فراوان، بێ ئەوەی پەنا ببرێتەبەر یەكخستنی قەرزەكان.

ئۆڵاف شولتز وەزیری دارایی ئەڵمانیا، ئامادەیی وڵاتەكەی پێشان دا بۆ ماوەیەك دوای تەنگژەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كار لەسەر هەرەوەزی دووبارە بووژانەوەی وڵاتانی ئەوروپی بكەن.



وشە - فه‌رمان سادق