به مه‌به‌ستى پاراستنى زیاترى هاووڵاتییان و له چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى ڕێنمایی و ڕێكاره‌كانى په‌یوه‌ست به‌رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، له سنورى شارۆكه‌ى پێنجوێن و هه‌ردوو شاره‌دێى گه‌رمك و ناڵپارێز، هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى ده‌رمانڕشتن به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى ده‌رمان رشتنى ناو بازاڕ و شه‌قامه گشتییه‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی، كه ئێسته له ئه‌ركدان، ئه‌نجامدرا
ئه‌میر سۆفى جه‌مال، لێپرسراوى ڕاگه‌یاندنى شاره‌وانى پێنجوێن، به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، "به درێژایی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م به مه‌به‌ستى پاراستنى زیاترى هاووڵاتییان و له چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى ڕێنوێنی و ڕێكاره‌كانى وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار په‌یوه‌ست به‌رێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، له سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن و هه‌ردوو شاره‌دێى گه‌رمك و ناڵپارێز، له‌لایه‌ن هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى و ڤێتێنه‌رى پێنجوێن، به‌هاوكارى به‌هاوكاری كۆمپانیای گارێكس و رێكخراوی مله‌كه‌وه، بۆ پاراستنى ژینگه، هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى ده‌رمان رشتنى ناو بازاڕ و شه‌قامه گشتییه‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی، كه ئێسته له ئه‌ركدان، ئه‌نجامدرا.
زیاتر گوتى، "له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسى كۆرۆنا له هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك شارۆكه‌كه‌مان كه هاوسنورى ئێرانه، به‌رده‌وام ده‌رمان ڕشتنى ناو بازاڕ و گه‌ڕه‌ك و شوێنه گشتییه‌كان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى كه پێویست ئه‌نجامدراوه، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مترین زیان به‌هۆى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه به‌ر دانیشتوانى ناوچه‌كه بكه‌وێت".
شارۆكه‌ى پێنجوێن، نزیكه‌ى 96 كیلۆمه‌تر له شارى سلێمانیه‌وه دووره و ده‌كه‌وێته باكوورى ڕۆژهه‌ڵاتى پارێزگاكه و ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى زیاتر له50 هه‌زار.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى