پەرلەمانتارێكی شیعە هۆكاری رەتكردنەوەی عەدنان زورفی ئاشكرا دەكات

:: PM:09:13:08/04/2020 ‌

دوا جار خەریكە كۆدەنگییەكی نیشتمانی گەڵاڵە دەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ئەوەیش دوای ئەوەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی شیعە لە نێوان خۆیان لەسەر كاندیدێك رێكدەكەون و هەردوو پێكهاتەی كورد و سونەیش بڕیار دەدەن دەنگ بە كاندیدی ئەوان بدەن، پەرلەمانتارێكی شیعە هۆكاری رەتكردنەوەی شیعە بۆ زورفی روون دەكاتەوە.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح" كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی هاوپەیمانیەتییەكەمان و زۆرینەی هێزە سیاسییە شیعە و عێراقییەكان دەیانەوێ، گەیشتنە بە سەقامگیریی دۆخی عێراق لە هەموو بوارەكانەوە، كە هەر ئەوەیش داوا و بەرژەوەندی گەلی عێراق.
كاندیدكردنی زورفی بووە تەحەدایەكی گەورە بۆ پرۆسەی سیاسی
زیاتر گوتی، سەقامگیریی عێراق لە سێ بەش پێكهاتووە، سەقامگیریی دۆخی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی دەگرێتەوە، ناوخۆیی واتە بوونی سازانێكی نیشتمانی و بەشداری و لێكگەیشتنی هەموو بەشدارانی پرۆسەی سیاسی، دەرەكیش ئەوەیە پشت نەدەینە سیاسەتی تەوەرسازی و سیاسەتێكی هاوسەنگمان لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبێت، لە رووی تەناهیشەوە، سەپاندنی ئاسایش و لەناوبردنی پاشماوەی داعش و چارەسەركردنی پرسی خۆپێشاندانەكان و دابینكردنی خزمەتگەزارییەكان و گەڕاندنەوەی شكۆی دەوڵەت و دامەزراوەی سەربازی.

بەلداوی روونی كردەوە، سێیەم بابەتی زۆر گرنگە، چارەسەركردنی تەنگژەی ئابوورییە لە عێراق بەهۆی دابەزنینی نرخی نەوت و زۆری دامەزراندن و كەمی كار، ئەوانەن گرنگترین هەنگاوەكانی پێش هەر حكوومەتێكی عێراقی و ئەگەر ئەوانە كۆنترۆڵ بكرێت، سەرۆك وەزیرانی داهاتوو سەركەوتوو دەبێت.

بەلداوی لەبارەی عەدنان زورفییەوە دووپاتی كردەوە، وەك هاوپەیمانی "فەتح"، هەر لە سەرەتای كاندیدكردنی، باوەڕمان وابوو كە ئەو كەسە تێپەڕ ناكرێت، دەبوایە سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی قبووڵ بكات، بەڵام نەیكرد، پێشتر چەندان كاندید هەبوون كە كۆدەنگیان لەسەر هەبوو، وەك قوسەی سوهیل و ئەسعەد عیدانی، بەڵام ئەوانی كاندید نەكرد، كەچی دوور لە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سازانی نیشتمانی و گەورەترین فراكسیۆن، عەدنان زورفی راسپارد، ئەوەیش بووە تەحەدایەكی گەورە بۆ پرۆسەی سیاسی، كە رەنگە لە داهاتوودا ببووایە بنەمایەك بۆ بنیاتنانی دیكتاتۆریەت لە عێراق.

روونی كردەوە، بابەتی دووەم سەرۆك كۆمار ویستی گەورەترین پێكهاتەی وڵاتی فەرامۆش بكات لە رێگەی سەپاندنی زورفی، بۆیە دەبوایە هەڵوێستێك هەبێت، رەنگە زۆرێك بەرهەڵستی كاندیدبوونی زورفی نەبوون، ئەوەندی دژی پرسی راسپاردنی بەمشێوە زۆر مەترسیدارەی بوون، لەكاتی رەتكردنەوەی زورفیش دەبێت بژارەی شوێنگرەوە هەبێت، ئەویش كاندیدكردنی مستەفا كازمی بوو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە رەزامەندیی كورد و سوننە و شیعەیشی هەیە و پێوەندی باشی لەگەڵ وڵاتان هەیە و تێپەڕبوونی حكوومەتەكەیشی ئاسان دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل