ئایا لە هاویندا کۆرۆنا لەناو دەچێ؟

:: PM:10:12:09/04/2020 ‌

هێشتا توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئەوەی ئایا کۆرۆنا دەتوانی بەرگەی ژینگەی جیاواز و پلەی گەرمای جۆراوجۆر بگرێت، بۆچوونیان جیاوازە و ئەو دەنگۆیەی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەبوو، گوایە لە هاویندا کۆتایی پێ دێت، بە تەواوی گومانی خراوەتە سەر و هەندێکیش ڕەتی دەکەنەوە.

ئەنتۆنی فاوچی، گەورە پسپۆڕی ئەمەریکی بۆ نەخۆشییە درمەکان، بە ڕاشکاوی دەڵێ، پێشبینی ئەوە مەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەشوهەوای گەرمدا بڵاو نابێتەوە، ئەمە تا ئێستە نەسەلماوە.

لە بەرنامەی گود مۆرنینگ ئەمەریکا" له‌ كه‌ناڵی "ABC"ـی ئه‌مه‌ریكیدا گوتی، پێشبینیی پزیشکی لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید 19) ئه‌وه‌یه‌، له‌ وه‌رزه‌كانی گه‌رمادا خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ تا ئێسته‌ ته‌نیا پێبینییه‌ و هیچ گوته‌یه‌كی گرێنتیمان له‌سه‌ری نییه‌، بۆیه‌ نابێ به‌ ئاسانی له‌به‌ر ئه‌و گوته‌یه‌ پاڵی لێ بده‌ینه‌وه‌ و پێمان وا بێت بابه‌ته‌كه‌ كاتییه‌.

ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌ له‌ دنیادا ڕوونه‌، وڵاتانی ئه‌فه‌ریقی و وڵاته‌ گه‌رمه‌كان، ڕێژه‌ی تووشبوونیان به‌ كۆرۆنا به‌ به‌راورد به‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا وڵاتانی تر كه‌مه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ش نابێته‌ تاكه‌ به‌ڵگه‌، چونكه‌ وڵاتێكی وه‌ك ڕووسیاش كه‌ زۆر سارده‌، ڤایرۆسه‌كه‌ تێیدا زۆر گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌.

فاوچی ده‌ڵێ، ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ نیویۆركه‌وه‌ مانگی شوبات گه‌یشته‌ هه‌موو ئه‌مه‌ریكا و له‌ ئه‌وروپاوه‌ هاتووه‌، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی ڕای زۆرینه‌یه‌ كه‌ ده‌یانگوت له‌ ئاسیاوه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ ئه‌مه‌ریكا.

ئێسته‌ ئه‌مه‌ریكا مه‌ترسیدارترین وڵاته‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا. به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی (WHO) ژماره‌ی تووشبووان له‌و وڵاته‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 456 هه‌زار كه‌س و ژماره‌ی مردووانیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 16 هه‌زار كه‌س.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌رزی گه‌رما و ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێشتا توێژینه‌وه‌ ده‌كرێ. له‌ دوایی توێژینه‌وه‌ی پسپۆڕانی ئه‌ڵمانیدا ئه‌وه‌ سه‌لماوه‌، كۆرۆنا له‌ گه‌رمادا گه‌شه‌ی به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی ڕاده‌ی شێ تێیاندا به‌رزه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌یش ڕاست بێت، ئه‌وا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما، كۆرۆنا له‌ كوردستان به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات.

ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا، گرووپێک ڤایرۆسن کە مەمکدارەکانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌، لەوانەش بۆ مرۆڤەکان و باڵندەکان. لە مرۆڤەکاندا، دەبنە ھۆی ھەوکردنی کۆئەندامی ھەناسە، بەڵام لە ھەندێک بارودۆخدا ڕەنگە کوشندە بن. لە مانگا و بەرازدا لەوانەیە ببنە ھۆی سکچوون، لە کاتێکدا لە مریشکدا دەبیتە ھۆی ژەھراویبوونی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی ھەناسە. تا ئێستا ھیچ دەرمانێکی کوتانی یان خۆراکی بۆ چارەسەر و ڕێگرتن لە ئەم ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە.

ناوی کۆرۆنا لە وشەی لاتینی corona وەرگیراوە کە بە مانای تاج دێت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شێوەی ڤایرۆسەکە لەژێر مایکرۆسکۆپدا بە شێوەی تاج دێتە بەرچاو. ئەم جۆرە لە ڤایرۆسانە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1965ز دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەری تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام بوو.[١] ئەو کەسانەی کە پێشتر ھەڵگری نەخۆشی تر بێت یاخود ئەو مناڵانەی کە ناخۆشی دڵیان ھەبێت خێراتر توشی ئەم نەخۆشیە دەبن. ڤایرۆسە کڕۆنیەکان زیادتر لە زستان و بەھاراندا خەڵک توشی نەخۆشی دەکەن. ھەرچەند ئەم خانەوادەیە لە ڤایرۆسەکان زیادتر لە ئاژەڵاندا بەدی کراوە بەڵام پێنج جۆریان کاریگەری دەخەنە سەر ھەناسەدانی مرۆڤ.

ئەم ڤایرۆسە لە شاری وۆھان لە وڵاتی چینەوە لە مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی پار دەرکەوته‌وە و پەرەی سەند. ڤایرۆسەکە تایبەت بە ئاژەڵان بووە کە بە ھۆکارگەلێکەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە. لە نیشانەکانی نەخۆشییەک کە لەم ڤایرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت، دەکرێت ئاماژە بە تا، کۆکە و ھەندێک جار کێشەی ھەناسەدان بکرێت. تیمی فریاگوزاری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە توێژینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە 81٪ی تووشبووان دۆخی تەندروستییان جێگیرە، بەساڵاچووان زۆرترین مەترسییان لەسەرە و لە دۆخێکی سەختدان.




وشە - كوردۆ شابان