گەرمیان.. چەكی پێشكەوتوو لەبری بەرەی جەنگ لای چەند بەرپرسێكە

:: PM:10:20:09/04/2020 ‌

لەوكاتەی مەترسی و هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم و كێشەلەسەرەكان بەردەوامە، فەرماندەیەكی پێشمەرگە باس لە گرنگی دابینكردنی پێداویستی سەربازی بۆ بەرەكانی جەنگ، بەتایبەتی كوڵەجۆ دەكات، لەوكاتەی چەكی نوێ لە بری كوڵەجۆ، لای چەند بەرپرسێك گل دراوەتەوە. 
چەكی پێشكەوتوو بۆ بەرەی جەنگ و پێشمەرگەیە
عەمید كەمال محەمەد، فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، وەك لیواكەیان و ئەو هێزەی لە سنووری شارەدێی كوڵەجۆیە، پێویستیان بە تفاق و كەرەستەی زیاتری سەربازییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

 زیاتر گوتی، ناكرێ لە رووی سەربازییەوە ئاماژە بە زانیارییەكان بكەین، بەڵام وەك بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی قسەكەم، دووربینی زیاتری حەراری و ئۆتۆمبێلی سەربازی و پێداویستی تر پێویستن بۆ بەرەكانی جەنگ، بۆیە بە دابینكردنی ئەو كەرەستانە، دەتوانین بە توانای زیاتر رووبەڕووی دوژمن ببینەوە .

كۆچەر گەرمیانی، چالاكی مەدەنی لە گەرمیان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پێشتر و ئێستەیش، وەك رێكخراوەكانی گەرمیان، بوونی چەندین كەرەستەی سەربازیمان ئاشكرا كردووە، وەك ئۆتۆمبێلی زریپۆش لە باخی بەرپرسانی حزبی دەسەڵات لە ناوچەكە.

روونی كردەوە، پێشتر كە ئەو بابەتەمان ورووژاند، وامانزانی ئیتر كۆتایی بەو بابەتە دەهێنرێت و كەرەستە سەربازییەكانی میحوەری گەرمەسێر، كە بەناوی میحوەرەوە براوەتە نزیكی زانكۆی گەرمیان، دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەكانی رووبەڕووبوونەوە، بەڵام بینیمان داعش هێرشی تری ئەنجام دا و كەچی پێداویستی سەربازی لەبەرەی جەنگ نییە و لای بەرپرسانی گەندەڵە.

 یەكێك لە چەكفرۆشانی بازاڕی چەك لە شارۆكەی كەلار، كە ناو و دەنگی لای "وشە" هەیە، نەیشاردەوە كە زۆر جار لە بازاڕی چەك فرۆشاندا، مامەڵە بە چەكی نوێ كراوە.

 ئەگەرچی میحوەرێك بە ناوی گەرمەسێر نەماوە و میحوەری قەرەتەپەیش، فەرماندەیەكی سەربازی بە ناوی مەردان چاوشین سەرپەرشتی دەكات، بەڵام مەحموود سەنگاوی بەناوی میحوەری گەرمەسێرەوە باڵەخانەی بە ناوی پێشمەرگە و میحوەرەوە، بەرانبەر زانكۆی گەرمیان دروست كردووە، ئەوەیش لەكاتێكدایە بەر لە دوو شەو، دوو پێشمەرگە لە سنووری كوڵەجۆ لە هێرشێكی داعش شەهید بوون.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل