سه‌رۆك وه‌زیران: ئەمەی ئێسته‌ ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرانبەر بە حکوومەت نەك ململانێی حزبی

:: AM:09:31:17/04/2020 ‌
مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و گرژییه‌كان له‌ په‌یامێكدا ڕای گه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێم حكوومه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌.

باسکردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات
كه‌مێك پێش ئێسته‌ سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پەیامێکى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى گه‌یاندووه‌، "حکوومەتی هەرێم حکوومەتی هەموو هەرێمی کوردستانە، دوابەدوای هەوڵە سەرکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەدانی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکان، بە تایبەت لە ئیدارەدان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵێکی ئاراستەکراو لە دژی حکوومەت دەستی پێکردووە، کە دڵنیام ناتوانێت ڕێ لە خواستی حکوومەت و خەڵک بگرێت."

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "پێویست دەکات لە سەر ئەو گرژییانەی لە بارەی زینی وەرتێ لە لایەن کەسانێکی نامەسئولەوە هاتوونەتە ئاراوە، ڕوونکردنەوە بدەین./لە دەستپێکی رێکارەکانی کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکان بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ژمارەیەک قاچاخچی هەوڵی هێنان و بردنی چەندان کەسیان لەو سنوورە داوە، کە پێچەوانەی ڕینماییە تەندروستییەکانی حکوومەت بووە/".

ئاشكرا كراوه‌، "كه‌ بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکان، وەک زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی تر، وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتوو و هاوبەشی بۆ زینی وەرتێ ڕەوانە کرد، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکدا چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەموو لایەنەکان لە حکوومەت بووین، تاقمێکی دیاریکراو بە مەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرانبەر بە هێزی حکوومەت جووڵاند و بە ئاشکرا دژی حکوومەت وەستانەوە، بە بیانووی ئەوەی کە گوایە ئەم سنوورە هی حیزبێکی دیاریکراوە و حکوومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەکانی تێدا جێگیر بکات و بۆ ئەم مەبەستەیش کەوتوونەتە تۆمەت هەڵبەستن وتێکەڵکردنی بابەتی نابەجێ و ناپێوەندیدار."

ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، "هێزە هاوبەش و یەکگرتووەکان هێزی حکوومەتن و حکوومەت خۆی بڕیار دەدات لە چ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان جێگیرییان بکات. ئەو هێزە هاوبەشانە بە بێ هیچ هەستیارییەک لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمدا بڵاوەیان پێ کراوە. بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارە دەخەینە بەردەم ڕای گشتیی کورستان کە بۆچی و بە چ مەبەستێک تەنیا دژایەتی چوونی هێزی حکوومەت بۆ زینی وەرتێ دەکرێت؟". 

سه‌رۆك وه‌زیران ڕاى گه‌یاندووه‌، "لێرەدا بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستمان دووپاتی دەکەمە کە جگە لە هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ هێزێکی حیزبیی تر لە زینی وەرتێ جێگیر نەکراوە. هەروەها لە کاتێکدا سووپاسی ئەو هێزە سیاسییانە دەکەین کە نیگەرانیی و پەرۆشی خۆیان بەرانبەر بەم دۆخە نەخوازراوە دەربڕیوە، داوایان لێ دەکەین بڕیار و دەسەڵاتەکانی حکوومەت لەگەڵ هی حیزبێک بەراورد نەکەن، چاوەڕیی ئەوەیان لێ دەکەین پشتیوانی هەوڵەکانی حکوومەت بن بۆ جێبەجێکردنی یاسا و نەهێشتنی دەسەڵاتی نابەرپرس و گرووپە چەکدارەکانی ژێر دەسەڵاتی شەخسی. داویان لێ دەکەم بڕیارەکانی حکوومەت بە بڕیارەکانی حیزبی نەزانن و چەسپاندنی یاسا بە ململانێی حیزبی هەژمار نەکەن."

"باسکردنی دوو ئیدارەیی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، خزمەت بەو بارودۆخە ناکات، ئەمەی ئێسته‌ ڕوودەدات یاخیبوونی تاقمێکی دیاریکراوە بەرانبەر بە حکوومەت، نەک ململانێی حیزبی. هیوادارین ئەو لایەنانە بە وریاییە مامەڵە لەگەڵ ئەم گرژییە بکەن و رۆڵی خێر و کاریگەرییان بەو شێوەیە دەردەکەوێت، کە بەرانبەر بە ناحەقی و پێشێلکارییەکان بوەستنەوە، نەک چاک و خراپ بە یەک چاو سەیر بکەن." له‌ په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران هاتووه‌.

زیاتر هاتووه‌، "لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لەم کابینەیەدا بەڵێنی راستگۆیی و خزمەت و چەسپاندنی گیانی یەک ئیدارەییمان بە هاووڵاتییانی خۆشەویست داوە. بە هیچ شێوەیەک قبول ناکەین بە ڕوالەت حکوومەتی یەکگرتوو هەبێت و لە بەشێکی هەرێم دەسەڵاتداریی تر هەبێت و دژایەتی حکوومەت بکەن."

سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ وەزیرەکان، وەزیری هەموو حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و ڕێنماییەکانیان لە حکوومەت وەردەگرن نەک حیزبەکان، ئەمەیش خواست و ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستان بووە."

له‌ كۆتایدا ڕاى گه‌یاندووه‌، "ئێمە لە کاتێکدا کە نوێنەرایەتی هەموو ناوچەکانی کوردستان دەکەین، ئاوهاش بەرپرسیارین لە چەسپاندنی یاسا و رێنماییەکان لە هەموو ناوچەکان بە بێ فەرق و جیاوازی. بە هیچ شێوەیەک ڕێ نادەین لە هەرێمی کوردستاندا چەندان حووکومڕانیی جیاواز لە دەرەوەی یاسا سەر هەڵبدەن و رێگری لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکوومەت بکەن." 

مه‌سروور بارزانى ڕوو ده‌كاته‌ هاووڵاتییان و ده‌ڵێت، "هاووڵاتییانی خۆشەویست، من پشت بە خوا و ئێوەی دڵسۆزی نیشتمان، ئەم ئەرکە قورسەم قبوڵ کردووە. ئێسته‌یش بە پشت بەستن بە خوا و ئێوە، لە چەسپاندنی یاسا و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان، بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبین."


وشە - محەمەد میران