وەزارەتی تەندروستی هەرێم: هیچ حاڵەتێكی تووشبوون لەناو پەنابەران تۆمار نەكراوە

:: PM:06:04:19/04/2020 ‌
 
لەوكاتەی تا ئێستە زۆرینەی ناوچەكانی دنیا بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە زۆرینەی وڵاتانی دنیای گرتووەتەوە، لە هەرێمی كوردستان كە رێوشوێنەكانی سەركەوتوو بوون لە رێگرتن لە لەدەستدەرچوونی دۆخەكە، بەڵام دووپات لە پابەندبوون بە رێوشوێنەكان دەكرێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون لەناو پەنابەران تۆمار نەكراوە.
لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە
د محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، سەبارەت بە دۆخی پەنابەران تا ئێستە هیچ حاڵەتێك لە كەمپەكان تۆمار نەكراوە، ئەوان بە شێوەیەكی بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشكیدان، بەشی زۆری ئەوانە لە سنووری پارێزگای دهۆك بوون و لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە ئەوانە كەرەنتینەیش كرابوون، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە هیچ حاڵەتێكیان تیادا تۆمار نەكرا.

زیاتر گوتی، لەناو كەمپەكان تیمی تەندروستی تایبەت بەوان هەیە، ئەوانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان یان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی سەرپەرشتی دەكرێن، بە بەردەوام پشكنینیان بۆ كراوە و لە حاڵەتی گوماناویدا دەبردرێنە سەنتەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون نەبووە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دووپاتی كردەوە كە ئەو ئامارەی رۆژانە وەزارەت لەبارەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون و چاكبووەوەكان رایان دەگەیەنێت، هی سەرانسەری هەرێمە بە ئاوارە و ئەوانەیشی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە و كەرەنتینە كراون، تەنانەت ئەو كەسانەی رەگەزنامەیشیان جیاوازبێت لە هەرێم بن، ئەوانیش بەو شێوە حسێب دەكرێن. 

ئەمڕۆ د دەشتی بستانی،  سەرۆكی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، رای گەیاند كە لە هەولێر 169 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرابوو و 112یان چاكبوونەتەوە و 57یان ماون، 45یان لە نەخۆشخانەی رزگارین و هەشتیان لە نەخۆشخانەی ئیماراتی و چواریش لە نەخۆشخانەی پێشمەرگەن، هەموویان لە دۆخێكی جێگیرن، لەبارەی دۆخی پەنابەران و كەمپەكانەوە دووپاتی كردەوە كە دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل