دهۆك.. ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا بەڕێوە دەچێت

:: PM:09:05:19/04/2020 ‌
دوای پاكبوونەوەی دهۆك بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك گەورەترین ئاهەنگ وەكو رێزگرتن بۆ پزیشك و هێزەكانی تەناهی و خەڵكی دهۆك ئەنجام دەدات.

ئاهەنگەكە بە كومەڵێك برگە و بابەتی جیاواز به‌رێوه‌ ده‌چێ
ئاواز نهێلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی، راگەیاند، دوای ئەوەی پارێزگای دهۆك بە تەواوەتی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا پاك بووەوە، وەكو رێزگرتن بۆ پزیشك و هێزەكانی تەناهیی و خەڵكی پارێزگای دهۆك ئاهەنگی گەورە ئەنجام دەدرێت.

روونیشی كردەوە، ئاهەنگەكە بە كومەڵێك برگە و بابەتی جیاواز رۆژی چوارشەم، لە 22ی نیسان سەعات 10ی شەو بەڕێوە دەچێ.

بەپێی قسەی نهێلی، سەرەتا كارەبای نیشتمانی و موەلیدە ئەهلییەكان بۆ ماوەی پێنج خولەك دەكوژێنەوە و داوا لە خەڵك دەكرێت لە ماڵەكانیان روناكی داگیرسێنن، هەروەها ژمارەیەك باڵۆنی رووناكی لە ئاسمانی شاری دهۆك بەرز دەكرێتەوە.

هەروەك روونیشی كردەوە، لەسەر هەردوو چیای زاوا و كڵیاشەدای سەر بە سەنتەری شاری دهۆك ئاگر دادەگیرسێت و یاری ئاگرین دەتەقێنەوە.

دهۆك یەكێك بوو لەو پارێزگایانەی كوردستان كە كەمترین تووشبووی كۆرۆنای تێدابوو، سەرباری ئەوەی خەڵكی شارەكە رێنوێنییەكانیان بەتەواوی جێبەجێ‌ كرد پێش هەموو ناوچەیەكیش كۆرۆنای تێدا نەما.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - سه‌رخێڵ هاشم