پەرلەمانتارێكی پێشوو: لە كابینەی حكوومەتی كازمیش كورد مافی خۆی وەرنەگرتووە

:: PM:10:42:19/04/2020 ‌

لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق كە لە 9ی ئەم مانگە مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی هاتە راسپاردن و بە گوتەی خۆی لە پێكهێنانی تەواو بووە و خەركی گفتۆگۆیە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان، پەرلەمانتارێكی پێشووی كورد ئاماژە دەكات كە لەو كابینەیە سێ وەزارەت بە كورد دراوە و ئەوەیش ستەمە.
كورد سێ وەزارەتی بەردەكەوێت
ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەوبارەوە گوتی، بەپێی رێككەوتنی سەرەتایی و هەواڵە دزەپێكراوەكان لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی مستەفا كازمی، ئاماژە هەیە بەوەی كورد سێ وەزارەتی بەركەوێت، ئەوەیش دوورە لە مافەكانی لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان و سیاسی كورد بە بەراورد بە پێكهاتەی سوننە، كە شەش وەزارەتیان بەركەوتووە.

زیاتر گوتی، ژمارەی پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق 60ە و ژمارەی ئەندامانی سوننەیش 80 پەرلەمانتارە، بۆیە ستەمە كە نیوەی ژمارەی وەزارەتەكانی سوننە بۆ ئێمە بێت، دووپاتی كردەوە كە هێزە كوردییە سەرەكییەكان، لەوانەیش بزووتنەوەی گۆڕان، كۆكن لەسەر پشتبەستن بە دەستوور لە چارەسەركردنی هەموو كێشە هەڵِپەسێردراوەكان و مسۆگەركردنی مافی رەوای هەرێم لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق. 

بەپێی هەواڵە دزەكردووەكان لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، كابینەكەی مستەفا كازمی لە 11 وەزیر بۆ شیعە، سێ بۆ هەریەك لە سائیروون و فەتح و دوو بۆ نەسڕ و یەكێك بۆ هەریەك بە دەوڵەتی یاسا و حیكمە و فەزیڵە، شەش بۆ سوننە و سێ بۆ كورد و دوویش بۆ مەسیحی و توركمان پێكهاتووە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل