"وشە" زانیاریی نوێ لەبارەی کوژرانی کچە 18 ساڵەکەی سلێمانی ئاشکرا دەکات

:: AM:11:47:27/04/2020 ‌
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کوشتنی کوڕ و کچێک لە شاری سلێمانی زانیاری نوێ بۆ "وشە" ئاشکرا دەکات و دەڵێت، تەنیا کچێک لەلایەن کوڕێکەوە کوژراوە و کوڕەکە هەڵاتووە.

لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە هەواڵی کوژرانی کچێک لەلایەن کوڕێکەوە لە شاری سلێمانی بڵاو بووەتەوە، سەرەتا دەگوترا ئەو کوڕە دوای کوشتنی کچەکە خۆیشی کوشتووە، بەڵام ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی ڕاستییەکانی بۆ "وشە" درکاند.

ئەمڕۆ دووشەم 27ی نیسان، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، راستی رووداوەکە بەو شێوەیەیە کچێکی تەمەن سەروو 18 ساڵ لە ماڵی کوڕێک لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی بووە، لەوێ لەلایەن کوڕەکە کە خاوەن ماڵەکە بووە بە فیشەک کوژراوە.

تەنیا کچێک لەلایەن کوڕێکەوە کوژراوە و کوڕەکە هەڵاتووە

دوای ئەوەی ئەو کچە بە فیشەکێک بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لەوێ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە، ئێستە خاوەن ماڵەکە هەڵاتووە و پۆلیس فەرمانی گرنتی بۆ دەرکردووە و بە شوێنیدا دەگەڕێن.

نەقیب سەرکەوت گوتی: تا ئێستە گەڕان بە دوای ئەو کەسە بەردەوامە، تا نەگیرێت نازانین راستیی رووداوەکە چییە و ئایا کوشتنی ئەنقەستە یان لەدەست دەرچوونە، یان چۆن بووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.

تا ئێستە دیار نییە ئەو کچ و کوڕە خزم، هاوڕێ یان دەزگیرانی یەکتر بوون، دیاریش نییە پێوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیان هەبووبێت، بەڵام ئاشکرایە کە هاوسەری یەک نەبوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕێناس شابان