چوار هۆكار چانسی تێپەڕبوونی حكوومەتی كازمی زیاد دەكەن

:: PM:07:41:28/04/2020 ‌

مستەفا كازمی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، لە 9ی ئەم مانگە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت بە پاڵپشتی هێزە شیعەكان هاتە راسپاردن، كەچی تا ئێستە كازمی لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتەكەی لەگەڵ شیعە كۆتایی نەهاتووە، شارەزایەكی سیاسی باسی ئەوە دەكات كە پێویستە ئەو حكوومەتە تێپەڕێت، چونكە هێزە شیعەكان ناچارن ئەوە بكەن.
ئەمەریكا و كەنداو گوشار دەكەن و ئێران نەرمی نواندووە
دوێنێ كۆبوونەوەیەكی تری سەرانی شیعە لەگەڵ مستەفا كازمی ساز كرا، دوای ئەوەی هەینی رابردوو لیستێكی كابینەی حكوومەتەكەیان رەت كردەوە و داوای گۆڕینی ناوی ئەندامانی كابینەكەیان لێی كرد، بە پێی زانیارییەكان كازمی لە دانیشتنی دوێنێ، ئەندامانی كابینەكەی گۆڕیوە و شیعەكانیش لەسەر پاڵپشتیكردنی لە پەرلەمان رازی بوونە، گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكردووە بۆ داوای سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان و پێشكەیشكردنی كابینە و بەرنامەی حكوومەتەكەی لە هەفتەی داهاتوو، بە شێوەیەك هیچ وەزیرێكی حكوومەتی پێشووی تیادا نەبێت.

ماهر عەبد جەودە، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە بۆ "وشە"، روونی كردەوە، لە دوای 2003ەوە، عێراق كەوتووەتە ژێر كاریگەری ویستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بەتایبەتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، هەندێك لە هێزە سیاسییەكانیش بوونەتە بەرجەستەی بۆچوونی وڵاتانی ناوچەكە، ئەوەیە كێشەی عێراق، كێشەیەكیتر هەیە كە ئەو بەشبەشێنەیە كە هەیە، لە ماوەی دواییدا كابینەی حكوومەتی كازمی تووشی كێشە هاتەوە، بەهۆی رێكنەكەوتنی حەوت لایەنی شیعە، ئەوان لەسەر لیستی ناوەكانی كابینەی كازمی رێكنەكەوتن و داوایان لێی كرد بیگۆڕێت، بۆیە بەشبەشێنە هەیە.

زیاتر گوتی، بەڵام دروستبوونی چوار تەوەری پاڵنەر بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی مستەفا كازمی، دۆخەكەی گۆڕی، وایان كرد كە چانسی زیاتر بێت و كابینەی حكوومەتەكەی لە رۆژانی داهاتوودا تێپەڕ بێت، یەكەم تەوەر، ئیدارەی ئەمەریكایە، كە بە سیاسەتوانانی شیعەی راگەیاندووە، واشنتن لاری نییە لەوەی عێراق لە وەرزی هاویندا كاز و كارەبا لە ئێران هەناردە بكات، لە بەرانبەر تێپەڕاندنی حكوومەتی كازمی، ئەگەریش ئەوە نەكەن، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا سەرچاوەیەكی تر بدۆزنەوە كە ماوەیەكی زۆر كەمە، دووەم دۆسیەی كەنداو، ئەوان بەڵێنیان بە كازمی داوە ئەگەر كابینەی حكوومەتەكەی تێپەڕ بێت، وڵاتانی كەنداو هاوكاری عێراق دەكەن و ئەو ملیۆن و چارەكە ملیۆن بەرمیل نەوتەی پێویستە عێراق بە پێی رێككەوتنی ئۆپێك لە بەرهەمهێنانی كەمی بكاتەوە، ئەوان دەیگرنە ئەستۆ، ئەوەیش وەك كازمی بۆ هێزە شیعەكانی گواستووەتەوە.

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی كرد، سێیەم دۆسییەی هاندەر بۆ دروستبوونی حكوومەتەكە، ئێرانە، كە دەیەوێت دۆخەكە هێور بكاتەوە و بە ژیرانە و شێوازێكی نەرمی دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ تەنگژەكە و ئەمەریكا بكات، كە هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی لەو وڵاتە هەیە تا دۆخەكە لەوێ یەكلا دەبێتەوە بە دەرچوون یان دەرنەچوونەوەی ترەمپ،  بۆیە ئێران داوای لە هێزە سیاسییەكانی شیعە كردووە دۆخەكە هێور بكەنەوە و حكوومەتی كازمی تێپەڕ بكەن.

عەبد جەودە لەبارەی هۆكاری چوارەم روونی كردەوە، دوای ئەو گوشارانەی سەر حەوت لایەنە شیعەكە، ئەوان نەرمییەكەیان پێوە دیارە لەبارەی كابینەكەی كە سەرپشكیان كردووە، لەوبارەوەیش بۆ نموونە، هێزە سیاسییەكانی هەرێم پێیان راگەیاندووە ئەوان سوورنین لەسەر كەسایەتی دیاریكراو، بۆیە دوای ئەو چوار دۆسییە ئەمەریكی و كەنداو و ئێرانی و ناوخۆی عێراقی، وایان كرد پرسی پێكهێنانی حكوومەتی كازمی بێتە پێشەوە، پێشبینی دەكەین لە چەند رۆژی داهاتوو حكوومەتی مستەفا كازمی تێپەڕبێت.

لەبارەی ئەگەری رەتكردنەوەی بەوەی بەشێك لە هێزە شیعەكان هێشتا لەگەڵ هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدین، عەبدجەودە روونی كردەوە، ئەو بابەتە لە سەرەتادا هەستی پێ دەكرا، بەڵام دوای ئەو دۆسیە و هۆكارانەی باسمان كرد، ئەو گوشارانەیشی لەسەر هێزە سیاسییەكان هەیە، بەهۆی پێویستی عێراق بە كارەبا و پرسی هەناردنی نەوت و هێوركردنەوەی ململانێكانی ئێران و ئەمەریكا، ئەوانە پاڵپشت بوون بۆ كازمی، بەڵێ باسی هەوڵی هێشتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكرا، بەڵام دوا پەیامی داوای لە هێزە سیاسییەكان كرد ئەو بابەتە یەكلا بكەنەوە.

"پێم وایە ئەو چوار هۆكارەی باسم كردن، ئەوانە بوون كە چانسی كازمیان زیاتر كرد، رەنگە لە رۆژانی داهاتوو حكوومەتەكەی ببینین، لەبەر رەشایی چاوی كازمی نا، بەڵكو دۆخی عێراق وا دەخوازێت، جیا لەوە بابەتێكی مەترسیدار هەیە، ئەوەیش دووبارەبوونەوەی خۆپێشاندانەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، كە ئێستە خەریكی پێوەندیكردنن بەیەكەوە، تا ئەوساتەیش خۆپێشاندان هەر ماوە، بۆیە ترسی بەردەوامبوونی تەنگژەكانی هەن، رەنگە وا بكەن كە مستەفا كازمی تێپەڕ بێت، ئەویش بودجە تێپەڕ بكات و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیتر بكات"، ماهر عەبد جەودە وای گوت.

    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل