لە دوو نەخۆشخانەدا خۆراكی نەشیاو دۆزرایەوە

:: PM:02:17:30/04/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان ئاشكرای دەكات، لە دوو نەخۆشخانەی كەلار خۆراكی نەشیاو دۆزراوەتەوە و دۆسیەكە بۆ دادگا بەرز كراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنحشەم 30ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بڵاوی كردووەتەوە، لیژنەكانی بەدواداچوون و چاودێریی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە و ئامادەكردنی خۆراك لە نەخۆشخانەكانی گەرمیان، لە میانەی پشكنینەكانیاندا لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار و نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون، دەستیان بەسەر بڕێك برنجی خراپ و نەشیاو بۆ خواردن گرت لە كۆگای كۆمپانیای ئامادەكردنی خۆراك.

بە نووسراوی فەرمی ئەو دۆسیەیەی ئاراستەی دادگای كەلار كرد
ڕوون كراوەتەوە، پاش ئەم دەست بەسەرداگرتنە، مەفرەزەكانی ئاسایش ئاگەدار كرانەوە و دەست بەسەر بڕە برنجە خراپ و نەشیاوەكەدا گیرا، هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، بە نووسراوی فەرمی ئەو دۆسیەیەی ئاراستەی دادگای كەلار كرد.

باس لەوەش كراوە، هۆكاری ڕادەستكردنی دۆسیەكە بۆ دادگا بۆ ئەوەیە بە پشتبەستن بە یاسا بەركارەكان لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ كۆمپانیای ئامادەكار بكەن.

گرتنی ئەو خۆراكە نەشیاوە لە كاتێكدایە نەخۆشخانە یەكێكە لە شوێنە تەندروستییەكان كە چاودێری شوێنەكانی تری تێدا دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد