شیعه‌كانی عێراق پێیان وایه ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌های سیستانی و ڕازی نه‌بوون به هادی عامری بوونی به فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق، ده‌ست خستنه‌ناو كاری عێراقه و ڕێز نه‌گرتنه له بڕیاره‌كانی ئه‌وان.
دامه‌زراوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو ده‌چێت و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه
حامد عه‌باس په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی "فه‌تح" كه هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 30ی نیسان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، نایشارینه‌وه كه به دانانی هادی عامری بە سه‌رۆكمان ڕازی نەبووین، مه‌ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه كه به‌هۆی ململانێی سیاسییه‌كانه‌وه دامه‌زراوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو بچێت و هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
زیاتر گوتی، "هادی عامری باشترین بژارده‌یه بۆ جێگرتنه‌وه‌ی موهه‌ندیس، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش دانه‌نرێت ئێمه هه‌ڵوێستمان ده‌بێت."
فالح فه‌یاز سه‌رۆكی گشتیی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، دوای كوژرانی موهه‌ندسی و مانه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی به به‌تاڵی، بڕیاری دا تاكلایه‌نانه هادی عامری سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌در له شوێنه‌كه‌ی دابنێت و بیكاته فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق، به‌ڵام ئێران ئه‌بو فه‌دك كه یه‌كێك بوو له نزیكترین كه‌سه‌كانی قاسم سلێمانی له عێراقدا هه‌ڵبژارد و له‌لایه‌ن عێراقییه شیعه‌كانه‌وه ڕه‌ت كرایه‌وه، سیستانیش هه‌ڵوێستی نواند و چه‌كدارانی خۆی له حه‌شد جیا كرده‌وه.
ڕۆژی پێنجشه‌م 23ی نیسان، عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف گوته‌بێژی سه‌ربازیی عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ڕای گه‌یاند، لیواكانی دوو و 11 و 26 و 44ی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی كه به لیواكانی مه‌رجه‌عییه‌ت و پاراستنی شوێنه ئاینییه‌كان ناسراون، له حه‌شدی شه‌عبی جیا كراونه‌ته‌وه و خراونه‌ته ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه.
حه‌شدی شه‌عبی ژماره‌یان سه‌رووی 80 هه‌زار چه‌كداره و به فتوای عه‌لی سیستانی له ساڵی 2014 دروست بوون. ئێسته نزیكه‌ی شه‌ش گرووپ له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له كه‌ركووك بوونیان هه‌یه، ژماره‌یان نزیكه‌ی چوار هه‌زار و 300 چه‌كدار ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی له خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا گرووپێكی ناو یه‌كێتی بێ ته‌قه شاره‌كه‌ی پێشكه‌ش كردن.