له یه‌كی ئایار/مایۆی هه‌موو ساڵێك كرێكارانی جیهان جه‌ژن ده‌گێڕن و له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیایش ئه‌و ڕۆژه وه‌ك پشووی فه‌رمییه، كرێكارانیش بۆ داوای مافه‌كانیان ساڵانه له‌و ڕۆژه گه‌وره‌ترین خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه ساز ده‌كه‌ن، به‌ڵام جه‌ژنی ئه‌مساڵی كرێكاران به ته‌واوی جیاوازه، چونكه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه نه‌ك ته‌نیا كرێكاران، به‌ڵكوو زۆربه‌ی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه بێكارن و له ماڵه‌وه خۆیان كه‌ره‌نتینه كردووه.
زانایان و پسپۆران هه‌میشه هۆشداری له‌وه ده‌ده‌ن، كه ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شه ترسناكه‌ی له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤایه‌تی دروستی كردووه، به‌ڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنیشی كاریگه‌رییه‌كانی كۆتایی‌یان نایه‌ت و بگره مه‌ترسیدارترین ته‌نگژه‌ی ئابووری به‌رۆكی جیهان ده‌گرێ، ئێسته‌یش به ملیۆنان
كرێكار له وڵاتانی جیا جیای دنیا بێكار كه‌وتوون، ملیاران خه‌ڵكیش له ماڵه‌كانیان ماونه‌ته‌وه، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ و كارگه‌كان كه‌سیان ناتوانن كار بكه‌ن، كه ئه‌مه‌یش بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناك له‌سه‌ر داهات و بژێوی ژیانی سه‌رجه‌م خێزانه‌كان.
هه‌رچه‌نده ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونی هه‌یه و هێزی پۆلیس و هێزه‌كانی ناوخۆ به توندی چاودێری هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌شكێنن، به‌ڵام له توركیا و یۆنان گه‌وره‌ترین گردبوونه‌وه و ڕێپێوان له‌لایه‌ن كرێكارانه‌وه ساز كرا، گردبوونه‌وه‌كه‌ی یۆنان زۆر به ڕێكوپێكی و به پابه‌ندبوون به دووركه‌وتنه‌وه به دووری دوو مه‌تر له یه‌كتر ئه‌نجام درا، به‌ڵام له توركیا به ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ئه‌نجام درا و كرێكاران بێ خۆپارێزی تێكه‌ڵی یه‌كتربوون، ئه‌مه‌یش وایكرد كه بیانوو بكه‌وێته ده‌ست هێزه ته‌ناهییه‌كانی حكوومه‌ت به‌شێكی زۆری چالاكان و به‌رپرسانی سه‌ندیكانی كرێكارانیان گرت و خرانه گرتووخانه‌وه.
به ده‌یان ملیۆن كرێكار بێكاربوون و بێ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات و بژێوی ڕۆژه‌كانیان به‌ڕێ ده‌كه‌ن
به گوێره‌ی كاردانه‌وه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌سه‌ر كه‌رتی كار ته‌نیا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا 30 ملیۆن كه‌س بێكاربوون و له ئیسپانیایش ڕێژه‌كه گه‌یشتووه‌ته چوار ملیۆن كه‌س، له وڵاتانی تری ئه‌وروپایش ڕێژه‌ی بێكاری ڕوو له هه‌ڵكشانه و له ئه‌نده‌نووسیا 10 ملیۆن كه‌سی تر و 300 هه‌زار كه‌س له ئه‌ڵمانیا و له به‌نگلادیش و كه‌مبۆدیا و میانماریش ڕێژه‌كه زۆر زیاتره له‌وه‌ی كه پێشبینی ده‌كه‌ین.
ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی له‌و مایه‌وه دوا ڕاپۆرتی خۆی بڵاو كرده‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه نیوه‌ی كرێكاران و كارمه‌ندان هه‌ڕه‌شه كه‌وتووه‌ته سه‌ر كاره‌كانیان و مه‌ترسی له ده‌ستدانی سه‌رچاوه‌كانی داهات و بژێوییان له‌سه‌ر دروست بووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش داوه، كه ڕێژه‌ی داهاتی ئه‌وانه‌ی له كه‌رتی تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن به نزیكه‌ی 60% ڕووی له كه‌می كردووه.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، كه 436 ملیۆن كارگه تووشی زیانی یه‌كجار گه‌وره بوون و 232 ملیۆنی تریش له جیهان كه له بواری بازرگانی كار ده‌كه‌ن، له مایه‌پووچی نزیك ده‌بنه‌وه، هاوكات 51 ملیۆن خواردنگه و 42 ملیۆن كۆمپانیای بواری خانووبه‌ره، سه‌رجه‌میان هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ره و به‌ره‌و مایه‌پووچی ته‌واوه‌تی هه‌نگاو ده‌نێن.
هاوكات زانایانی ئابووری و توێژینه‌وه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه و مانه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، ڕێژه‌ی بێكاری زۆر زیاتر ده‌بێ و مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر خه‌ڵك به گشتی و ئابووری وڵاتان دروست ده‌بێ، هه‌رچه‌ند له ئێسته‌وه به‌شێك له وڵاتان ده‌ستیان به ده‌رهێنانی پاره‌ی یه‌ده‌گ كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وامی هه‌بێت، یه‌ده‌گی ئه‌و وڵاتانه‌یش هه‌ره‌س دێنێت و جیهان تووشی كاره‌ساتێكی زۆر ترسناكتر له كۆرۆنا ده‌بێته‌وه.
درێژه‌كێشانی مانه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژیانی كرێكاران ده‌خاته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه
دیارییكردنی یه‌كی ئایار وه‌ك جه‌ژن و ڕۆژی كرێكاران مێژووه‌كه‌ی بۆ 21ی نیسان/ئه‌پریلی 1856 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك له‌و ڕۆژه‌دا بڕیاردرا كه ئیتر كرێكاران له هه‌شت سه‌عات زیاتر له ڕۆژێكدا كار نه‌كه‌ن، مافه‌كانیان بپارێزرێ، دواتر بۆ ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا گوێزرایه‌وه و پاشان به وڵاتانی تری دنیا، ئامانجیش له‌و كاره ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كرێكارانه له خاوه‌نكار و پابه‌ندكردنی خاوه‌نكاره‌كانه به بنه‌ماكانی كاركردن و مافی مرۆڤ و شایسته دارایییه‌كانی كرێكاران، به‌ڵام ئێسته كه ڤایرۆسی كۆرۆنا به دنیا بڵاوبووه‌ته‌وه و سه‌رجه‌می كرێكاران بێكار كه‌وتوون، نه سه‌ندیكا و نه خاوه‌نكار و نه حكوومه‌ته‌كان هیچیان له‌ده‌ست نایه بۆ كرێكاران بیكه‌ن و كه‌مێك بێكاری و بێ داهاتی ئه‌و ماوه‌یان له‌سه‌ر شان ئاسان بكه‌ن، بۆیه دۆخی كرێكاران له خراپترین سه‌رده‌مدایه.
تاكه هیوای هه‌مووانیش بریتییه له نه‌مانی كۆرۆنا، به‌لام دوای ئه‌وه‌یش بۆ كرێكاران دۆخه‌كه ئاسان نابێت، چونكه خاوه‌نكاره‌كان زیانی زۆریان كردووه و ئه‌سته‌مه ئه‌و هه‌موو كرێكار و كارمه‌نده وه‌ربگرنه‌وه، چونكه هه‌مووان تووشی كورتهێنان و كێشه بوونه‌ته‌وه له داهاتوو و سه‌رمایه‌كانیان، له‌به‌ر ئه‌وه پێشبینی ده‌كرێ، كرێكاران له سه‌رده‌می كۆرۆنا و دوای ئه‌و په‌تایه‌یش زیانمه‌ندترین توێژی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كان بن.