خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانی پارێزگای سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆی به‌رده‌وامیی دابه‌زینی نرخی مریشك له بازاڕدا، زیاتر له حه‌وت ملیار دینار زیانمان كردووه و زیانه‌كانیش رۆژ به رۆژ زیاد ده‌بن.
ئه‌مڕۆ شه‌موو دووی ئایار، نازم عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگه له زیانی به‌رده‌وامداین، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی مریشك زیانێكی زۆرمان به‌ركه‌وتووه و وایكردووه له‌ڕووی داراییه‌وه تووشی كێشه بین.
ئه‌وه‌شی گوت، ته‌نیا له‌و دوو مانگه كۆی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر خاوه‌ن كێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی كه‌وتووه، زیاتر له حه‌وت ملیار دینار ده‌بێت؛ ئه‌و زیانه‌ش رۆژ به رۆژ له زیادبووندایه، چونكه چه‌ند رۆژێك ده‌بێت نرخی مریشك زۆر دابه‌زیوه و له هۆڵه‌كانه‌وه یه‌ك كیلۆ بۆ هه‌زار و 700 دینار دابه‌زیوه.
نامانه‌وێ ماوه‌یه‌كی زۆر به گران بیفرۆشین و هاووڵاتی زۆری له‌سه‌ر بكه‌وێت
ڕوونی كرده‌وه، یه‌ك كیلۆ مریشك له‌سه‌ر خاوه‌ن كێڵگه‌كان دوو هه‌زار و 200 دینار ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئێمه رۆژانه بۆ یه‌ك كیلۆ مریشك نزیكه‌ی 500 دینار له زیانداین و خاوه‌ن كێڵگه‌كان چاریان نه‌ماوه و ئه‌و هه‌موو مریشكه به زیانێكی زۆر ده‌فرۆشن.
هه‌روه‌ها گوتی، ئێمه ته‌نیا ده‌مانه‌وێ بۆ چوار وه‌رزه نرخمان بۆ دیاری بكرێت، نامانه‌وێ ماوه‌یه‌كی زۆر به گران بیفرۆشین و هاووڵاتی زۆری له‌سه‌ر بكه‌وێت، ناشمانه‌وێ به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته به‌رده‌وام له زیاندا بین، چونكه ئێمه‌ش تووشی كێشه ده‌بین.
سۆران غه‌فوور به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، دابه‌زینی نرخی مریشك به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام نییه، ساڵانه دوو بۆ سێ جار به‌و شێوه‌یه هه‌رزان ده‌بێت، كاتێك هه‌موو به‌جارێك به‌رهه‌میان پێ ده‌گات و ده‌یخه‌نه بازاڕه‌وه، خستنه‌روو زۆر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هۆكاره بۆ دابه‌زینی نرخه‌كه‌ی.
له سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر له 600 كێڵگه‌ی مریشك هه‌ن كه كۆی گشتی هۆڵه‌كانی مریشك زیاتر له هه‌زار هۆڵ ده‌بن و ساڵانه به سه‌دان هه‌زار تۆن مریشك به‌رهه‌م ده‌هێنن و ده‌یخه‌نه بازاڕه‌وه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی