وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیارێكی نوێى دەرکرد

:: PM:03:10:02/05/2020 ‌
بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە سبەینێوە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی پشتە دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، لە نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری تێیدا ئاشكرا كراوە، لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، دەروازەی پشتە "سەرتەك" سبەی دەكرێتەوە و جووڵەی بازرگانی دەست پێ دەكات.

پێویستە پێڕەوی سەرجەم رێنوێنییە تەندروستییەكانی تایبەت بە خۆپارێزی لە كۆرۆنا بكرێت
ئاماژەی بەوەش كردووە، پێویستە پێڕەوی سەرجەم رێنوێنییە تەندروستییەكانی تایبەت بە خۆپارێزی لە كۆرۆنا بكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە حەوتی ئاداردا بڕیاری داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی دابوو، تەنیا بۆ كاروباری بازرگانی نەبێت كە سێ‌ دەروازەی سنووری بەكراوەیی مانەوە كە بریتی بوون لە باشماخ و حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل.

كردنەوەی ئەو دەروازەیە لە كاتێكدایە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی بڕیاری كردنەوەی دوو دەروازەی نافەرمی تری دا، ئەوەیش بۆ بەردەوامی كاروباری بازرگانی.



وشە - رامیار جەواد