عێراق.. داعش گرنگییەكی زۆر بە ویلایەتی سەڵاحەدین دەدات

:: PM:07:53:02/05/2020 ‌

شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، شارەزایەكی تەناهی هۆكارەكان و مەبەستی داعش روون دەكاتەوە، ئاشكرای دەكات بەر لە سێ رۆژ 20 سەركردەی داعش لە حەسەكە ئازاد كراون و لە ناو عێراقیش داوای ئازادكردنی گیراوانی داعش دەكرێت، جیا لەوەی لە دەرەوە پاڵپشتی دەكرێن.
داعش پاڵپشتی دەرەكی و ناوخۆیی هەیە
بەپێی زانیارییەكان، شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر خاڵێكی تەناهی سەر بە لیوای 35ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی مكێشیفە لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەو هۆیەوە شەش ئەندامی حەشد كوژران، دواتر بۆمبێكی چێنراو بە هێزێكی ئەو لیوایە تەقییەوە و سێی تریان كوژران و چواریان بریندار بوون، دوای ئەوە چەكدارێكی تری حەشدی شەعبی بە قەناسەی داعش لە سامەڕا كوژرا.

فازڵ ئەبو رەغیف، شارەزای تەناهی لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی شەوی رابردوو لە پارێزگای سەڵاحەدین رووی دا، جیاوازە لەوەی لە پارێزگاكانی تر روو دەدات، سەڵاحەدین تایبەتمەندییەكی مەترسیداری هەیە جیاواز لە پارێزگاكانیتری عێراق، چونكە دراوسێی چەندان پارێزگای گەرمە، لەلایەك بە بیابانی ئەنبار و بیابانی نەینەوا بەستراوەتەوە و سنوورێكی زۆری لەگەڵ دیالە هەیە، جیا لەوە داعش گرنگییەكی زۆر بە ویلایەتی سەڵاحەدین دەدات.

پارێزگای سەڵاحەدین، كە شوێنی لەدایكبوونی سەدام حوسێن، سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق و پارێزگایەكی سوننەنشینە و لە حوزەیرانی 2014 لەلایەن داعشەوە داگیر كرا و كوشتارگەی سپایكەری بۆ پێكهاتەی شیعە لەخۆ گرت، وەك لەسەر نەخشە دیارە ناوچەیەكی ستراتیجییە بۆ داعش، بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ چەند پارێزگایەكی عێراقی كە پێشتر داعش داگیری كردبوون، لەوانە ئەنبار و مووسڵ و دیالە.

ئەو شارەزایە زیاتر گوتی، ئەو پارێزگایە بەرجەستەی ویلایەتی دجلە و سەڵاحەدین دەكات، ئەوەیش هاوكاتە لەگەڵ خەلافەتی نوێی عەبدوڵا قەرداشی، جێگرەوەی ئەبو بەكر بەغدادی، لەپاڵ ئەو گۆڕانكارییە هەواڵگرییەی پێش كەمتر لە مانگێك ئەنجام دراوە كە مەترسیدار و هەڵە بوون، ئەوانە بوونە هۆی دروستبوونی ئەو بۆشاییە.

هێرشەكانی داعش لە عێراق كۆتاییان نایەت، ئەگەرچی شوێن و هێز و سەرچاوەی هاتن و چوون و جۆری چەك و قەبارەی تواناكانیان دیارن و بە بەردەوام هێزە تەناهییەكانی عێراق ئۆپراسینی سەربازیان لەدژی ئەنجام دەدەن، تا رادەی هەندێك لە چاودێران گومانیان لە توانا یان ویستی هێزە تەناهییەكانی عێراق هەیە. بەوەی بەراستی دەیانەوێت داعش لەناو ببەن.

"پێم وایە دەكرێ ئەو هێرشە دووبارە بیێتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت لە رووی هەواڵگرییەوە، بێ ئەوەی دان بەوەدا بنرێت ئەوانەی هەواڵگری بەڕێوە دەبەن، كەسانی لاوازن، بۆیە پێویستە چاو بە چالاكیی هەواڵگری لەو پارێزگایە بخشێندرێتەوە، داعش پاڵپشتی دەرەكی و ناوخۆیی هەیە، مەبەست لە پاڵپشتی دەرەكی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتی ژمارەیەك كۆمپانیای بیانییە، هەرچی پاڵپشتی ناوخۆییە ئەو داواكردنە زۆرەی ئازادكردنی داعشەكانە لە زیندانەكان"، ئەبو رەغیف وای گوت.

پرسی لاوازیی كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی عێراق بەهۆی فراوانی و سەختی و كەمی هێزە تەناهییەكانەوە، هەمیشە پرسێكی گەرم بووە، شارەزایانی تەناهی بە بەردەوام داوای كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانی عێراقیان، بەتایبەتی لەگەڵ سووریا كردووە، كە هەریەكەیان ئەوەیتر بە سەرچاوەی هاتنی داعش بۆ ناو خاكەكەی تۆمەتبار دەكات و چەندان كۆبوونەوەیشیان كردووە بۆ سازكردنی رێككەوتنی تەناهی بۆ هاریكاریی هەواڵگری لە نێوانیان.

ئەبو رەغیف ئاشكرای كرد، بەر لە سێ رۆژ 20 ئەندامی داعش لە ناوچەی حەسەكەی سووریا لە زیندانەكان ئازادكران یان بە پارە فرۆشران، پێم وایە ئەوان بەڕێگەون بەرەو عێراق یان سووریا، ئەوان سەركردەی دیار و مەترسیداری داعشن لەو ساتەی ئێستە.

پرسی هێرشەكەی شەوی رابردوو كاریگەری خستە سەر سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، كاتێك دوای هێرشە‌كە‌ی شە‌وی رابردووی پارێزگای سەڵاحەدین، حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر ئاماژەی كرد، ئێستە دیارە كە عێراق پێویستی بە فەرماندەیەكی هێزە چەكدارەكانی بەهێز و ئازا هەیە كە ئاسایشی عێراق بپارێزێت. 

زیاتر گوتی، رۆژ دوای رۆژ مەترسی رێكخراوی داعش زیاتر دەبێت، ئەوەیش ئاماژە بۆ كارەساتێكی تەناهی دەكات كە رەنگە ببێتە هۆی كەوتنی چەند شارێكی عێراقی بە دەستی رێكخراوی داعشەوە، بەتایبەتی كە ئێستە ئەو رێكخراوە پاڵپشتییەكی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە، روونی كردەوە، بۆیە وڵات پێویستی بە سەرۆك وەزیرانێك هەیە كە شارەزای باسی لە كاروباری سەربازی و تەناهیدا هەبێت، بتوانێت ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی و سەربازی بگۆڕێت، فەرماندەی نوێی هێزە چەكدارەكان پێویستە پلانی نوێی سەربازی هەبێت بۆ پاراستنی عێراقییەكان لە مەترسی تیرۆر، ئەگینا وڵات دەكەوێتە مەترسییەكی گەورەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل