ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە: سلێمانی مافی نییە لە بری هەڵەبجە بڕیار بدات

:: PM:10:32:02/05/2020 ‌

 تاقمێكی ناو یەكێتی پرسی لامەركەزییەتی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگای هەڵەبجەیان ورووژاندووە و كاری نایاسایی دەكەن بەرامبەر هەڵەبجە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێ، هەر بڕیارێك بەناوی هەڵەبجەوە بدرێت تێپەڕاندنی یاسایە.
هەڵەبجە راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، نەك سەر بە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
 بەرزان حامید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2009 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە سێی لامەركەزییەتی پارێزگاكانی دەركرد، بەرنامەی كابینەی 9ـی حكوومەتی هەرێم پرسی لامەركەزییەت هەیە و دەنگی پێ دراوە بۆ شۆڕكردنەوەی بەشێك لە دەسەڵاتەكان بە شێوازی كارگێڕی بۆ پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان، ئەوەیش بۆ باشتركردنی ڕێكارەكانی مامەڵەی هاووڵاتییان، بۆیە حكوومەت خۆی دەتوانێت بە نووسراوێك دەسەڵاتەكان بۆ تەواوی پارێزگاكان شۆڕ بكاتەوە.

 زیاتر گوتی، ئەو كەسانەی باس لە پاڕیزگای هەڵەبجە دەكەن بۆ لامەركەزییەت، هەڵەبجە پارێزگایەكی سەربەخۆیە، خاوەنی یاسایەكی 2016ی پەرلەمانی كوردستانە كە خۆیان دەتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، لە سەرەتای دروستبوونی هەیكەلیەتی پارێزگای هەڵەبجە، نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كرد، تیایدا هاتووە، دەستوەردان لە كاروباری پارێزگای هەڵەبجە نەكەن، پارێزگای هەڵەبجە پارێزگایەكی سەربەخۆیە.

ئاماژەی بەوەیش دا، پارێزگای هەڵەبجە راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، نەك سەر بە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ناتوانێت هیچ بڕیارێك لەجیاتی ئیدارەی سەبەخۆی هەڵەبجەوە بدات، قسەكردن بەناوی هەڵەبجە و لكاندنی بە باسی لامەركەزییەتی سلێمانی، بە بڕوای ئێمە دەبێت لە پێشدا پرس بە خەڵك و بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە بكرێت، ئاخۆ پارێزگای هەڵەبجە ڕەزامەندە بەو بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بەناوی پارێزگای هەڵەبجەوە بدرێت.

 "دوای دەستبەكاربوونی پارێزگای هەڵەبجە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نەیان توانیوە هیچ بڕیارێك لە سەر پارێزگای هەڵەبجە بدەن و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی بۆ دیاری بكەن، بۆیە لە پرسی لامەركەزیەتیش ناتوانین بڕیار بدەین، تەنیا هەڵەبجەییەكان خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن، نەك پارێزگایەكی تر"، بەرزان حامید وای گوت.

 ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی روونی كردەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەر باس و بڕیارێك لەسەر هەڵەبجە بدات، تێپەڕاندنی یاسایە، بۆیە پێویستە پارێزگای هەڵەبجە نووسراو بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بكەن، ئەوە خۆیان بڕیاردەدەن چیان دەوێت و هیچ پارێزگایەكی تر بۆی نیە بڕیار لەجیاتی ئەوان بدات.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل