مەترسی هەیە بەشە خۆراكی هەزاران خێزانی ئێزیدی بێتە بڕین

:: PM:03:46:03/05/2020 ‌

بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری كوردانی ئێزیدی بەڵگەكان و فۆرمی خۆراكیان لە كارەساتی شنگال فەوتاوە، لەلایەن بەغداوە كێشەیان بۆ دروست دەكرێت و ئەمساڵیش هەوڵی بڕینی بەشە خۆراكیان دەدرێت. 

مەحما خەلیل قایمقامی شنگال بۆ "وشە"  گوتی، لەدوای كارەساتی شنگال بەهەزاران خێزانی كوردی ئێزیدی بەڵگەكانی وەك ناسنامە و فۆرمی خۆراك و بەڵگەكانی تریان لە دەست داوە، بۆیە بەغداش ساڵانە هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەوەی فۆرمی خۆراكی نەبێت، بەشە خۆراكی مانگانەیان دەبڕن.
هەموو هەوڵێكیان بەگەڕ خستووە فۆرمی نوێیان بۆ دەربكەن.

قایمقامی شنگال بە پێویستی دەزانێ بەرگری لە مافی ئەو هاووڵاتییانە بكرێت و لە دوای ئەو كارەساتانەی بەسەریاندا هات، چیتر نەهامەتی تریان بەسەردا نەسەپێنرێت. ئەو ئاماژەی دا هەموو هەوڵێكیان بەگەڕ خستووە فۆرمی نوێیان بۆ دەربكەن.

لە ساڵی 2014 دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری بەسەدان هەزار خێزان ئاوارە بوون. بەشێكیان لە لایەن تیرۆریستانەوە بەدیل گیران و رفێنران و بەشێكیش كۆمەڵكوژ كران، ئەوانەی تر تەنیا توانیان خۆیان رزگار بكەن و سەرجەمیان ماڵەكانیان بەجێهێشت و تەنانەت فریای ئەوە نەكەوتن بەڵگەنامەكانی خۆشیان لەگەڵ خۆیاندا بەرن.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم  




وشە - سلێمان تاشان