گەندەڵییەكی گەورە لە كەرتی نەوتی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:51:10/05/2020 ‌

عێراق یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت، كە رۆژنە بڕێكی زۆری نەوت بەرهەمدێنێت و هەناردەی دەرەوەی دەكات، بەڵام دۆخی ئابووری بە تەنگژەیەكی سەخت تێپەڕ دەبێت، بە پێی شارەزایان گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبەردنی كەرتی نەوت، هۆكاری سەرەكیی ونبوونی پارەیەكی زۆرە، شارەزایەكی ئابووری سەرچاوەیەكی گەندەڵی كەرتی نەوتی عێراق ئاشكرا دەكات.
ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر بەفیڕۆ دەچێت
نەبیل مەرسوومی، ئەمڕۆ یەكشەم باسی گەندەڵی دوو كۆمپانیای نەوتی چینی كرد كە لە كێڵگەكانی سەر بە كۆمپانیای نەوتی میسان كار دەكەن، دووپاتی دەكاتەوە ئەو گەندەڵییەی ئەوان دەروازەیەكە بۆ گەندەڵییەكی گەورەی كەرتی نەوت.

ئەو لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، ئەو دوو كۆمپانیا چینییە، بریتین لە "پترۆچاینا" و "سینۆك"، كە لە كێڵگەكانی مۆڵەتدانی سەر بە كۆمپانیای نەوتی میسان كار دەكەن، ئەوان رۆنی گاز بە نرخی 400 دینار بۆ لیترێك دەكڕن، دواتر بە نرخی 750 دینار بۆ لیترێك بە كۆمپانیاكانی تری گرێبەستیان لەگەڵ هەیە، دەیفرۆشنەوە.

زیاتر گوتی، قەبارەی ئەو زیانەی بە عێراق گەیشتووە بەو هۆیەوە لە 2014 و 2015 دەگاتە 13.536 ملیار دینار، ئەوەیش لە راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییدا هاتووە، بەڵام ئەوەی سەیرە تەنیا قەبارەی گەندەڵی ئەو دوو كۆمپانیایە نییە، بەڵكو ئەو هۆكارەیە كە وا دەكات وەزارەتی نەوت سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیكراو لە بری نرخی بازرگانی بفرۆشێتە كۆمپانیا بیانییەكان، بۆیە ئەو جیاوازیە لە نرخ، دەروازەیەكی گەورەی گەندەڵییە كە پارەی عێراقی تیادا بەفیڕۆ دەچێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل