لەبەر هۆكاری نادیار بەرووبوومە كشتووكاڵییەكانی دیالە تووشی لەناوچوون دەبنەوە

:: PM:07:54:11/05/2020 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە زەوی چێنراو بە گەنم و جۆی جووتیارانی سنووری پارێزگای دیالە تووشی سووتانی بە مەبەست دەبنەوە، هاوكات بەهۆی رەشەباوە، بەرووبوومی تری كشتوكاڵی دووچاری لەناوچوون هاتنەوە و بووە هۆی كەوتنەوەی زیانێكی گەورە بە جووتیارانی ناوچەكە، بەرپرسێكی پارێزگاكە قەبارەی زەوییە سووتاوەكان دەخەمڵێنێت.
لەلایەن كەسانی نادیارەوە بەرهەمی گەنم جۆ لەناو دەبرێت
فورات تمیمی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگەی دیالە گوتی، جیا لەو ئاگرەی لە كیڵگەكانی گەنم و جۆ كەوتنەوە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەرووبوومە كشتوكاڵییەكانی دیالە تووشی كارەسات هاتنەوە و بووە هۆی زیانێكی گەورە، زیاتر لەوەی سووتانی كیڵگەكان كە بەم دواییە لە سنووری پارێزگاكە دروست بوو. 

زیاتر گوتی، لە دوو رۆژی رابردوو رەشەبای خۆڵاوی زۆر بەهێز سنووری پارێزگای دیالەی گرتەوە و بووە هۆی لەناوچوونی هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی چێنراو بە گەنم و جۆ، هاوكات ئەو زیانەی بەهۆی رەشەباكانەوە دروست بووە، چەند هێندی سووتانەكان بووە، تەنانەت هەندبَك كیڵگەی گەورە كە رووبەڕەكەی لە هەزار دۆنم زیاترە، بە رێژەی 100% زیانی بەركەوتووە.

دوێنێ مەهدی شمەری، بەڕێوەبەری شارەدێی كەنعان لە رۆژهەڵاتی باقووبە رای گەیاند ئێوارەی رابردوو بەرووبوونی گەنم و جۆی زیاتر لە 40 دۆنم زەوی كشتوكاڵی چەند گوندێك لە ناوچەكە سووتاوە، گومان لە تێوەگلانی رێكخراوی داعش لەو كارە دەكرێت. 

لە ماوەی دوو هەفتەدا، هەشت رووداوی ئاگركەوتنەوە لە سنووری پارێزگای یالە روویان دا، ناهیدە داینی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر ئەو پارێزگایە دەڵێت، سووتاندنی زەوییەكانی چێنراو بە گەنم، تێكدانێكی ئابووری و سیاسییە كە چەند لایەنێك لەپشتیەوەن سوود لە هاوردەكردنی گەنم لە وڵاتانی دراوسێ دەبینن، بەوەیش دەیانەوێت لە ئابووری پارێزگاكە بدەن، بۆ ئەوەی هەر پشت بە گەنمی دەرەوە ببەستن، دوای ئەوەی پێویستی ناوخۆ پڕ بووەتەوە.

زیاتر گوتی، ئاگركەوتنەكانی سنووری دیالە لە ناوچەی ئاوارەكان روودەدات، بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری ئەو ناوچانە باش نەبێت و ئەوان بە هەژاری بمێننەوە، بۆیە بەرپرسیارەتی ئەو كارانە دەخەینە ئەستۆی هێزە تەناهییەكان و لایەنی پێوەندیدار لە دیالە، بەهۆی كەمتەرخەمی و وەرنەگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ رێگرتن لەو ئاگركەوتنەوانە.   

داینی دووپاتی كردەوە، رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە تیرۆریستی نین و كەسانی بەكرێگیراویان لەپشتە و پێوەستن بە ئەجیندای دەرەكی كە هەوڵی باڵادەستی بەسەر ئابووری عێراق دەدەن و ئەو ئاگرانەیش، زیانی گەورەیان بە جووتیارانی ناوەچەكە گەیاندووە و پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل