پەرستاران پاڵەوانی شەڕی ڕووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا بوون

:: PM:09:05:12/05/2020 ‌
هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی 12ی ئایاردا كە بە ڕۆژی جیهانیی پەرستاران ناسراوە، ئەمڕۆژە یاد دەكرێتەوە، وەك ڕێزێك لەكارمەندانی تەندروستی، لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشدا پەرستاران ڕۆڵی گرنگیان گێڕا.

یادی پەرستاران لەئەمساڵدا بە كاتێكی قورسدا تێ دەپەڕێت كە لەهەموو دنیادا پەرستاران ڕۆڵێكی قورس و كاریگەر لە ڕووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا دەگێڕن و لە پێناو تەندروستیی گشتیدا، لەڕیزی پێشەوەی ئەو شەڕەدان.

ژمارەیەكی زۆری پەرستاران كاریان كردووە كە بەشێكیان خۆبەخشبوون
محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، پەرستاران ڕۆڵی گرنگیان ھەبووە لە ھەموو نەخۆشخانەكان و چارەسەركردنی نەخۆشییەكان، لە دوای پزیشك پەرستاران ڕۆڵی دووەمیان ھەبووە لە چارەسەركردنی نەخۆشیەكان و لە سەنتەرەكانی كۆرۆناش ڕۆڵێكی بەرچاویان ھەبووە و ژمارەیەكی زۆری پەرستاران كاریان لێ كردووە كە بەشێكیان خۆبەخشبوون.

روونیشی كردەوە، پێش ھاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی لە پلانیدا بوو چەندان ھەلی دامەزراندن بۆ پەرستاران و دەرمانسازان و كارمەندانی تەندروستی بڕەخسێنێت، بەڵام بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خراپبوونی بارودۆخی دنیا جێبەجێ نەكرا، بەڵام لە دوای دووبارە ئارامبوونەوەی ڕەوشەكە.

مێژووی دیاریكردنی 12ی ئایار وەك ڕۆژی جیهانی  پەرستاران دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ لەمەوبەر، واتا بۆ رۆژی لەدایكبوونی خانمە پەرستار فلۆرێنس، كە لە بەرواری 12ی ئایاری ساڵی 1820 لەدایكبووە و بە دامەزرێنەر و دۆزەرەوەی پەرستاری مۆدێرن دادەندرێت، هەر بۆیە كونسووڵی گشتی پەرستاران لەساڵی 1974ەوە ساڵانە یادی ئەمڕۆژە دەكاتەوە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - سه‌رخێڵ هاشم