لەمەودوا كارمەندانی تویتەر بۆ هەمیشە لە ماڵەوە كار دەكەن

:: AM:10:37:13/05/2020 ‌

كۆمپانیای تویتەر بۆی دەركەوتووە كاركردن لە ماڵەوە سوودی زیاتری بۆ كۆمپانیاكە هەبووە، بۆیەش پێی باشە كارمەندەكانی بۆ هەمیشە لە ماڵەوە كار بكەن.

جاك دورسی بەڕێوەبەری كۆمپانیای تویتەر لە ئیمەیلێكدا كە ئاراستەی سەرجەم كارمەندانی كۆمپانیاكەی كردووە، نووسیویەتی "ئێمە لە دۆخێكی زۆر تایبەتیداین، بۆیە داوامان لە كارمەندەكانمان كردووە لە ماڵەوە كار بكەن، ئەزموونی چەند مانگی رابردوو ئەوەی دەرخست كە كاركردن لە ماڵەوە زۆر كاریگەر و بەسوود بووە."

بەڕێوەبەرەكە ئاماژەی بەوەش كردووە ئەگەر هەر كارمەندێك پێی باشە لە ماڵەوە كار بكات و چیتر سەردانی شوێنی كاری كۆمپانیاكە نەكات، ئەوا رێی پێ دەدرێ بۆ هەمیشە هەر لە ماڵەوە كارەكەی راپەڕێنێت.

هاوكات بۆ ئەو كارمەندانەش كە بۆیان دەست نادات لە ماڵەوە كار بكەن یان ژینگەی ماڵەوەیان بۆ كاركردن گونجاو نییە، ئەوا دەبێ چاوەڕێ بكەن چونكە تا دوای مانگی ئەیلوول نووسینگەكانی كۆمپانیاكە ناكرێنەوە.

كۆمپانیای تویتەر خاوەنی پێنج هەزار فەرمانبەرە
كۆمپانیای تویتەر خاوەنی پێنج هەزار فەرمانبەرە و لە سەرەتای مانگی ئادارەوە لە ماڵەوە كاریان كردووە.

بەگوێرەی بی بی سی، كۆمپانیاكە بۆی دەركەوتووە ئەو ماوەیەی كارمەندەكانیان لە ماڵەوە كاریان كردووە، زۆر باشتر لە جاران كارەكانیان راپەڕاندووە و سوودی زیاتریان بۆ كۆمپانیاكە هەبووە، بۆیەش بڕیاری ئەوەی داوە كارمەند بۆی هەیە تاهەتایە لە ماڵەوە كار بكات بەو مەرجەی لەگەڵ جۆری كارەكەی بگونجێت.

 تویتەر لە تەواوی دنیادا 35 نووسینگەی هەیە. پێشبینی دەكرێ زۆر لە كۆمپانیاكانی بواری تەكنەلۆجیای زانیاری هەمان بڕیار بدەن.

پێشتر هەردوو كۆمپانیای فەیسبووك و گووگڵ رێیان بە فەرمانبەرانیان داوە تا كۆتایی ساڵ لە ماڵەوە كار بكەن.





وشە - سلێمان تاشان