بەنداوەكانی كوردستان پڕ ئاو بوون

:: PM:02:36:13/05/2020 ‌

هەرچەندە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕێكی كەمتری باران لە كوردستان باریوە، بەڵام دۆخی بەنداوەكان باشە و زۆربەیان پڕ بوون و ئامادەن بۆ ئەوەی لە وەرزی گەرمادا بۆ كشتوكاڵ و بوارەكانی تری گەشتوگوزار و سامانی ئاژەڵ سوودیان لێ وەربگیرێت.

ئەندازیار ئەکرەم ئەحمەد رەسووڵ بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاو بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە بەنداوەكانی كوردستان لە دۆخێكی زۆر باشدان، هەرچەندە وەك ساڵی رابردوو سەرڕێژ نەبوون، بەڵام پڕن لە ئاو و هیچ كێشەیەكی ئاو لە كوردستان نییە.

وەك ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ خستیەڕوو، كۆمەڵێك پڕۆژەی بەنداو لە هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردندا بوون، بەڵام بەهۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا وەستاون و هیواشی خواست لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەم دۆخە، ئەم پڕۆژانەش دەست پێ بكەنەوە.

ژمارەی ئەو بەنداوانەی بڕیارە لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێن، 11 پڕۆژەن كە بچووك و مامناوەندین
ژمارەی ئەو بەنداوانەی بڕیارە لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێن، 11 پڕۆژەن كە بچووك و مامناوەندین و زیاتر بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی هەندێك ناوچە و گوند دادەمەزرێن، دەبنە هۆی رەخساندنی هەلی كار  و پەرەپێدانی كشتوكاڵی لە ناوچەكان.

پێویستە بگوترێت هەرێمی كوردستان خاوەنی دوو بەنداوی گەورە و ستراتیجیی دووكان و دەربەندیخانە كە  توانای گلدانەوەی قەبارەیەكی زۆری ئاویان هەیە. هەردوو بەنداو لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی عێراق لە دەیەی پەنجاكان بنیات نراون. دووكان نزیكەی حەوت ملیار مەتر سێجا و دەربەندیخانیش سەرووی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە.

ئاو رۆڵێكی باڵای لە ئابووری و تەنانەت پێگەی سیاسیی وڵاتان هەیە و ئەگەر لە كوردستان كارگێڕییەكی باش بۆ چۆنیەتی بەكاربردنی ئاو هەبێ، ئەوا دەتوانێ سوودێكی زۆر بە ئابووری كوردستان بگەیەنێت. 




وشە - سلێمان تاشان