چین باجی لەسەر كۆمەڵێك كاڵای ئەمەریكی هەڵگرت

:: PM:03:24:13/05/2020 ‌

وەزارەتی دارایی چین لیستی 79 جۆر كاڵای ئەمەریكی بڵاو كردەوە كە بە بێ باج دەكرێ هاوردەی چین بكرێن . بڕیارەكە لە 19ی ئەم مانگەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێ و تا 18ی ئایاری 2021 درێژەی دەبێت.

كانزای گرانبەها، پێداویستی كۆنترۆڵی فڕۆكە، پارچەی كانزای پیشەسازی، پاككەرەوە پزیشكییەكان، مادەی پێترۆكیمیایی بەشێكن لەو كاڵایانەی لە ئەمەریكا هەناردەی چین دەكرێن و چینیش باجی لەسەریان لابردووە.
وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە ئەمەریكا كردووە، رێككەوتنەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن

بەگوێرەی مێهرنیوز  گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە ئەمەریكا كردووە، رێككەوتنەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی هەردوو وڵات بتوانن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سوود لە یەكتر ببینن.

پێویستە بگوترێت ساڵی رابردوو ئەمەریكا بە سەپاندنی باجێكی زۆر بەسەر كاڵا و بەرهەمەكانی چین، رێگر بووە لەوەی بەرهەمی چینی بە ئاسانی لە بازاڕەكانی ئەمەریكا ساغ بكرێنەوە و هەر ئەوكات چینیش هەنگاوی بەرانبەر كاڵاكانی ئەمەریكا نا.

ئامانجی ئەمەریكا ئەوە بووە بەرهەمی ئەمەریكی هەر لە ئەمەریكا بەرهەم بهێنرێن نەك لە چین بەرهەم بهێنرێن و بە نرخێكی بەرزتر بگەڕێنەوە ئەمەریكا بێ ئەوەی هەلی كار بۆ دانیشتووانی ئەمەریكا دابین بكەن.

ئەو سیاسەت و بارگرژییە ئابووری و بازرگانییەی نێوان چین و ئەمەریكا، كاریگەریی خراپی بۆ سەر ئابووری دنیا هەبوو و دواتر سەرهەڵدانی كۆرۆنا دۆخەكەی هێندەی ترئاڵۆز كرد.




وشە - سلێمان تاشان