ئێران لەبری فرۆشتنی نەوت بە ڤەنزوێلا نۆ تۆن زێڕی وەرگرتووە

:: AM:10:30:14/05/2020 ‌

كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێرانی دوای ئەوەی لە بەندەر عەباس بڕێكی زۆری نەوت بار كردووە بەرەو ڤەنزویلا كەوتووەتە رێ، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمەریكا سزای بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە. دەگوترێ ئێران لە بری فرۆشتنی نەوت بە ڤەنزوێلا و پێدانی هەندێك كەرەستەی پاڵاوتن، نۆ تۆن زێڕی وەرگرتووە.

رۆیتەرز بە پشتبەستن بەو دامەزراوانەی چاودێری جموجووڵی دەریاوانی دەكەن، زانیارییەكەی بڵاو كردووەتەوە و باسی لەوە كردووە، ڤەنزوێلا تووشی تەنگژەی بەنزین بووە و بە ناردنی ئەم كەشتییەش دەتوانێ كێشەكانی ئەم وڵاتە بۆ سووتەمەنی سووك بكات.

بەپێی بەدوادچوونەكان، كەشتییەكە لە كۆتاكانی مانگی ئادار نەوتەكەی بار كردووە و دوێنێ چوارشەم توانی لە گەرووی سوئێز دەرباز بێت.

ناردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ ڤەنزوێلا ئەو راستییە دەردەخات ئەو دوو وڵاتە كە لە لایەن ئەمەریكاوە سزایان خراوەتە سەر، دەیانەوێ هاوكاری یەكتر بكەن.

مانگی رابردووشدا ئێران بە فڕۆكە كۆمەڵێك ئامێر و پێداویستی پاڵاوگەی بۆ ڤەنزوێلا ناردووە، بەرنامەی هەیە لە دامەزراندنی پاڵاوگەیەك كە رۆژانە بتوانێ 310 هەزار بەرمیل بپاڵێوێت هاوكاری بكات.

بەپێی راپۆرتەكە كە رادیۆ فەردا بڵاوی كردووەتەوە، چوار كەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی كە ئاڵای ئێرانیان لەسەرە، لە بەندەر عەباس چاوەڕێی باركردنی نەوت دەكەن و بڕیارە ئەوانیش نەوت بۆ ڤەنزوێلا بگوازنەوە.

توانای پاڵاوتنی ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەبوو.
حكوومەتی نیكۆڵاس مادۆرۆ تووشی تەنگژە بووە و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە پێیان وایە بەهۆی ئیدارەیەكی خراپی مادۆرۆ، گرنگترین پاڵاوگەی ئەو وڵاتە لەكار كەوتووە كە توانای پاڵاوتنی ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەبوو.

پێشتر بەرپرسێكی ئەمەریكا ئاشكرای كردبوو، لەوانەیە ڤەنزوێلا لەبری ئەو یارمەتییانە زێڕ بە ئێران بدات. سەرچاوەیەكیش بە بلومبێرگی گوتووە ڤەنزوێلا نۆ تۆن زێڕ بە بەهای 500 دۆلاری بە فڕۆكە بۆ ئێران رەوانە كردووە.



وشە - سلێمان تاشان